رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، نیگەرانە لە دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی دانیمارک و دەڵێت "ئەوەی رۆناڵدۆ بۆ پۆرتوگال کردی لەبیر ناکرێت."
هەڵبژاردەی پۆرتوگال یەکەم یاریی لە دوای وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامدا و بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا دۆڕا و تیپەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و هاندەران ناڕازین.
لە دوای ئەو دۆڕانە گەورەیە، خۆرخی جیسۆس، راهێنەری پۆرتوگال لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی وازهێنانی کریستیانۆوە گوتی "ئەمە پەیوەندی بە هیچ یەکێک لەم شتانەوە نییە؛ ئاساییە، خەڵک بیری دەکەن و ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماوەی 23 ساڵدا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی بەدەستی هێناوە لەبیری ناکەن. ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت. هەربۆیە، ئەوەی کە هەندێک لە هاندەران یاریگایان بەجێهێشت لە کاتێکدا تیپەکە 4-1 لە دواوە بوو. کەس رازی نییە، کەس دڵخۆش نییە. ئێمە ئامادە نەبووین بۆ ئەگەری دۆڕان لێرە، چ جای بە 4-1.
جیسۆس زیاتر گوتی " چ شتێک هەیە تا بیری بکەین؟ ئەگەر ئەو چی دیکە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بەردەست نەبێت، بە دیاریکراوی ئێمە بیری چی دەکەین؟ مەگەر تەنیا کەسێک بێت بۆ ئەوەی هاودەمیم بکات، ئەو چی دیکە یاریی ناکات، لێرە نییە، پێشتر بڕیاری خۆی سەبارەت بە دۆخی خۆی داوە."
لەبارەی یارییەکە و ئاستی خراپی تیپەکەی راهێنەری پۆرتوگال دەڵێت "تیپەکە نەیتوانی ئەوەی لەم چەند رۆژەی دواییدا لە راهێنانەکاندا بە باشی دەمانکرد بیهێنێتە ناو یارییەکەوە، بەتایبەتی لە بەرگریدا. بۆ من بە خەیاڵمدا نەدەهات کە دانیمارک، هەرچەندە هەندێک لە هێرشبەرەکانیان کوالێتییەکی بەرزیان هەیە، بتوانن چوار گۆڵ تۆمار بکەن. بەڵام کاتێک بە باشی بەرگری ناکەیت، کە دۆخەکە بەو شێوەیە بوو، تیپەکەمان نەیتوانی یاریکردنی دانیمارک بوەستێنێت، نە لە هێڵی یەکەمی بەرگری و نە لە هێڵی دووەمدا. کاتێکیش گەیشتنە هێڵی دواوە، بەلامانەوە زۆر قورس بوو بتوانین هێرشبەرەکانی دانیمارک کۆنتڕۆڵ بکەین."
لەو یارییەدا کە لە براگا بەڕێوەچوو، یاریزانانی پۆرتوگال هەمووان بەدرێسی ژمارە 7ـەوە هاتنە نێو یاریگا و لە خولەکی 7ـی یارییەکە هاندەران چەپڵەیان بۆ رێزلێنان لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدا.
ئەمە یەکەم یاریی پۆرتوگال بوو لە دوای بڕیاری وازهێنانی رۆناڵدۆ، یەکەم دۆڕانی تیپەکە بوو لە نەیشنسلیگدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پۆرتوگال هەر لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەی چوارەمە و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە.




