رووداو دیجیتاڵ
پۆڵ سکۆلز، ئەفسانەی پێشووی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پێشبیندەکات رووگەی داهاتووی ئێرلینگ هالاند، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بێت.
سکۆڵز کە یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی رۆژانی زێڕێنی مانچێستەر یونایتد، لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆن، لە پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا قسەیکردووە و پێوایە، ئەگەر هالاند لە مانچێستەر سیتی بڕوات، راستەوخۆ روو لە بارسێلۆنا دەکات.
پرسیار لە سکۆڵز کراوە لەبارەی چارەنووسی ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتی، ئەگەر یانەکەی بەهۆی سزادانەوە، لە پرێمەرلیگ داببەزێت، ئەو دەڵێ، بارسێلۆنا.
سکۆڵز لەبارەی رووگەی هێرشبەرە نەرویجییەکەوە دەڵێ، "لەوانەیە ئەو بۆ ریال مەدرید گونجاو بێت، دەتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆشم کە درێسی ریال مەدریدی لەبەردابێت، بەڵام پێموایە ئەو روو لە بارسێلۆنا دەکات".
قسەکانی سکۆڵز لە کاتێکدایە، کە دەنگۆی سزادانی یانەی مانچێستەر سیتی زۆر زیادیکردووە، بەهۆی سەرپێچی و لادان لە یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ.
پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی بە 114 لادان لە یاساکانی تۆمەتبارکردووە، دەستەی سەرپەرشتیاری خولەکە لێکۆڵینەوە لە شێوازی سزادانی یانەکە دەکاتەوە، لە کاتێکدا سیتی لای خۆیەوە، سوورە لەسەرئەوەی هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و بێتاوانە.
میدیای ئینگلتەرا، لەنێو گەرمەی ئەگەری سزادان و سزانەدانی مانچێستەر سیتیدا، باسی ئەگەری دابەزاندنی یانەکە، بۆ خولی چامپیۆنشیپ دەکەن، ئەوەش وایکردووە ناڕوونی لە داهاتوو و چارەنووسی یاریزانانی ئەو یانەیەدا هەبێت.
هالاند تاوەکو ساڵی 2034 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە، بەڵام هیچ مەرجێکی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نییە، لە ئەگەری هەوڵدانی هەر یانەیەک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی.
لای خۆیەوە، نیکی پاتی هاوڕێی سکۆڵز لە مانچێستەر یونایتد، دەڵێ، باوکی هالاند رۆڵی گەورەی دەبێت لە هەر بڕیارێک کە ئەو بیدات، لەبارەی داهاتوویەوە.
پات دەڵێ، دڵنیام لەوەی باوکی هالاند، لە ئێستاوە بیری لە داهاتووی کوڕەکەی کردووەتەوە، "سەرسام دەبم ئەگەر باوکی، لە شوێنێک شتێکی بۆ داهاتووی کوڕەکەی بونیادنەنابێت".
تاوەکو ئێستا پرێمەرلیگ وادەی کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە و کاتی راگەیاندنی سزاکانی سەر مانچێستەر سیتی رانەگەیاندووە.




