رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا زانیارییەکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە دەیڤد بێکهام، خاوەنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی، بەنیازی ئەنجامدانی گرێبەستێکی مێژووییە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مێرکاتۆی زستانی داهاتوودا، تاوەکو لە یەک یانەدا لەگەڵ لیۆنێل مێسی کۆیان بکاتەوە.
لە بەدواداچوونی رۆژنامەڤانی بۆ بەناوبانگترین ماڵپەڕە وەرزشییەکانی جیهان و رۆژنامەکانی سعودیە، پۆرتوگال و ئەمریکا، هیچ زانیارییەک نییە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئینتەرمەیامی چوووبێتە نێو دانوستاندن لەگەڵ رۆناڵدۆ، یان دەستەوارەی فەرمی و پەیوەندیی زارەکی لەبارەی گواستنەوەی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا هەبێت.
سەرچاوەی بیرۆکەی کۆبوونەوەی رۆناڵدۆ و مێسی لە ئینتەرمەیامی
ئەمە یەکەمجار نییە سیناریۆی کۆبوونەوەی ئەو دوو ئەستێرەیە لە یەک یانەدا باس دەکرێت؛ لە مانگی 2ـی ساڵی 2026دا چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی هەمان بابەتیان ورووژاند. روب ئێرنشۆ، یاریزانی پێشووی خولی ئەمریکی رایگەیاندبوو: دەیڤد بێکهام رەنگە تاکە کەس بێت بتوانێت ئەم سیناریۆیە بهێنێتە دی ئەگەر دەرفەتەکە بڕەخسێت، بەڵام هاوکات روودانی ئەو ئەگەرەی بە دوور زانیبوو.
لەلایەکی دیکەوە، بێکهام خۆشی پێشتر و لە مانگی 3ـی 2021دا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی 'Sky Sports' باسی لە توانای یانەکەی کردبوو بۆ هێنانی ئەستێرەی گەورەی وەکو مێسی و رۆناڵدۆ، بەڵام جەختی لەوەش کردبووەوە کە دەبێت یاریزانی باش بێت بۆ پڕۆژەی یانەکە.
ئەو لێدوانە کۆنانەی بێکهام بە واتای دانوستاندن لەگەڵ رۆناڵدۆ نایێن، بەڵکو تەنیا پەرەپێدانی ئامانجە گشتییەکانی یانەکە بوون بەرامبەر ئەستێرە جیهانییەکان پێش ئەوەی مێسی بە کرداری بەدەستبهێنن.
ئایا یاریکردن لەگەڵ میسی خەونی رۆناڵدۆیە؟
ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن یاریکردن لەگەڵ مێسی خەونی مێژوویی رۆناڵدۆیە، پشتیان بە هیچ لێدوانێکی فەرمی یان زانیارییەک لە کەسانی نزیک لە یاریزانەکە نەبەستووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە مانگی 5ـی ساڵی 2025 دا کاتێک پرسیاری ئەو ئەگەرەی لێکرا، گوتی: رێز و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ مێسی هەیە، بەڵام روودانی شتێکی وەها کارێکی قورسە. هەرچەندە دەرگاکەی دانەنخست و گوتی "هیچ کەسێک لە داهاتوو تێناگات".
بەپێی ئەم راستییانە، لێدوانێکی ئاسایی رۆناڵدۆ سەبارەت بە ئەگەرێکی قورسی داهاتوو، ناكرێت بكرێتە بەڵگە بۆ ئەوەی کە خەون بە یاریکردن لەگەڵ مێسی دەبینێت یان بووبێتە ئامانجی سەرەکی لە کۆتایی ژیانی وەرزشیدا.




