رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگە ئابوورییەکەی و بۆ ئەم وەرزە ئامانجیەتی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و داهاتەکانی بگەیەنێتە نزیکەی 1.4 ملیار یۆرۆ.
بەپێی ئامارەکانی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو ریال مەدرید بە تۆمارکردنی 1.221 ملیار یۆرۆ ژمارەیەکی پێوانەیی لەسەر ئاستی دامەزراوە وەرزشییەکانی جیهان تۆمارکرد، کارگێڕیی یانەکە پلانی داناوە ئەم ساڵە داراییە بە قازانجی 14.2 ملیۆن یۆرۆ کۆتایی پێبهێنێت. بڕیاریشە رۆژی شەممە 21ـی ئەم مانگە، بودجەی نوێی یانەکە کە 1.248 ملیار یۆرۆیە، بخرێتە بەردەم ئەندامانی یانەکە بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی.
سێ کۆڵەکە سەرەکییەکەی داهاتی ریال مەدرید:
یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ: دوای نۆژەنکردنەوەی بە تێچووی 1.4 ملیار یۆرۆ، بێرنابیۆ بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی یانەکە. ریال مەدرید پێشبینی دەکات تەنیا لە رێگەی چالاکییە بازرگانییەکانی نێو یاریگەکەوە 420.1 ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت، بەتایبەت کە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاریی گرنگ لە بەکارهێنانی بەشە نوێیەکانی یاریگاکەدا دەکرێت و گەشتە گەشتیارییەکانی نێو یاریگەکەش بە هاوبەشی لەگەڵ پلاتفۆرمی 'Hotels.com' فراوانتر دەکرێن.
گرێبەستەکانی سپۆنسەرکردن: پێشبینی دەکرێت داهاتی ئەم کەرتە بە رێژەی 22% بەرزببێتەوە، ئەوەش بەهۆی گرێبەستە گەورەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەدیداس، فڕۆکەوانیی ئیمارات، Hotels.com و Uber Eats، لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی ئۆرەنج و سان میگێل. هاوکات بودجەی بەبازاڕکردن مارکێتینگ بۆ وەرزی داهاتوو گەیشتووەتە 534 ملیۆن یۆرۆ.
ئەکادیمیای یانەکە (ڤاڵدێبێباس): فرۆشتنی یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیا بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی گرنگ. بەهۆی رۆیشتنی یاریزانانی وەک نیکۆ پاز، گۆنزالۆ گارسیا، سیزار پالاسیۆس، جاکۆبۆ ئۆرتێگا و ڤیکتۆر مۆنۆز، پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید لەم ساڵە داراییەدا 154.8 ملیۆن یۆرۆی لە فرۆشتنی یاریزانان دەستبکەوێت.
بەم هەنگاوانە، ریال مەدرید چیدیکە پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نابەستێت، بەڵکو سیستمێکی ئابووریی تەواوکاری دروستکردووە کە تێیدا یاریگا، سپۆنسەرەکان و بەرهەمی ئەکادیمیاکەی پێکەوە یانەکە لە لووتکەی ئابووریی وەرزشیی جیهاندا دەهێڵنەوە.




