رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکس باینای یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، باسی ئازارەکانی شکستی تیپەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا لە گەڕی رابردووی لالیگا کردووە، دەڵێ، شەوی یارییەکە، خەوم لێنەکەوت.
یارییەکە بەسەرکەوتنی 2 - 1 گۆڵ کۆتایی هات و بەهۆیەوە بارسێلۆنا، جارێکی دیکە پێشەنگی ریزبەندییەکەی گرتەوە و ئاتلێتیکۆش، بۆ پلەی سێیەم دابەزی.
لە یارییەکەدا، ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکتربوو لە بردنەوە، بەرلەوەی فیرمین لۆپێز گۆڵی سەرکەوتنی بارسا تۆمار بکات.
باینا، لە 'کادینا سێر' قسەی کردووە و بەداخە لەوەی هەلە زێڕینەکەیان بۆ بەدەستهێنانەوەی پێشەنگی ریزبەندییەکە لەدەستداوە دووپاتیکردووەتەوە، تیپەکەی شایستەی بردنەوە بوو.
باینا دەڵێ، "باشترین گێمی یەکەممان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا پێشکەشکرد، هەلی زۆرمان بۆ هەڵکەوت، بەڵام نەمانقۆستەوە، ئێمە شایستەی بردنەوە بووین".
شکستی سەر یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، تەنیا شکستێک نەبوو کە بووە هۆکاری لەدەستدانی سێ خاڵ، بەڵکو بۆ باینا، کاریگەرییەکی قووڵی دەروونیی دروستکرد و خەوی لە چاوی زڕاند.
ئەو دەڵی، "راشکاوانە بڵێم، بەدرێژایی شەوەکە نەخەوتم، لەبەرئەوە زۆر بەتووڕەیی و نیگەرانییەوە رووم لە سەرجێگاکەم کرد".
لاباڵەکەی ئاتلێتیکۆ، دووپاتیکردووەتەوە کە دەرکردنی مارکۆس یۆرێنتی بەکارتی سوور، نەبووەتە هۆکارێک بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی و بیانوو دۆزینەوە بۆ شکستەکە، ئەو دەڵێ، ئەو شەوە، یەکێک بوو لە سەختریین شەوەکانی ژیانم، لەو کاتەوەی لە یانەکەم.
باینا هاوینی 2025 لە جیرۆناوە پەیوەندی بەئاتلێتیکۆ مەدریدەوە کرد و لە دوای بەشداریکردن لە 39 یاریی لەگەڵ یانەکە، حەوت گۆڵی تۆمارکردووە.




