رووداو دیجیتاڵ
بەر لە چەند کاژێرێک لە یاریی لووتکەی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، ئینریکی سیریزۆ، سەرۆکی ئاتلێتیکۆ، لە پەیامێکدا بۆ جولیان ئەلڤارێز گوتی، یاریی بکە و گۆڵ بکە، لە میترۆپۆلیتانۆ جێگای بیانوو نابێتەوە، تەنیا گۆڵەکان قسە دەکەن.
سبەی شەو، کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، میوانداریی لووتکەی گەڕی 12ی لالیگا دەکات، لە نێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا. یارییەک دەکرێ زۆر شت لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا بگۆڕێت.
بارسا بەجیاوازیی تەنیا دوو خاڵ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ، پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە، ئەنجامی یارییەکە، دەکرێ گۆڕانکاریی زۆر دروست بکات.
بەر لە یارییەکە، سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید قسەی بۆ میدیاکان کردووە و هەندێک بابەتی پەیوەست بەتیپەکەی ئاشکراکردووە، ئەو متمانەی تەواوی بەوە پێشانداوە، ئاتلێتیکۆ یارییەکە بباتەوە.
بەشی زۆری قسەکانی سەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لەبارەی جولیان ئەلڤارێز بوون، هێرشبەری ئەرجەنتینی ئاتلێتیکۆ کە هاوینی ئەمساڵ، داوای رۆیشتنی کرد بۆ بارسێلۆنا، بەڵام یانەکەی رێگای نەدا بڕوات.
سیریزۆ لەباسی ئەلڤارێزدا ئەوەی خستە روو کە چاوەڕێی ئاستێکی باش لە هێرشبەرەکەی دەکات، لە یارییەکەی سبەیدا.
سەرۆکی ئاتلێتیکۆ دەڵێ، "یارییەکی زۆر ناوازەیە بۆ ئێمە و بۆ جولیان، بەڵام پێموایە ئەو داوای لێبوردنی کرد و دانی بەهەڵەکەی خۆیدانا، ئێستا ئەوەی لەسەریەتی یارییکردن و گۆڵ تۆمارکردنە بۆ ئاتلێتیکۆ".
سیریزۆ، پرسیاری لێکرا لەبارەی ئەگەری پرسیارکردنی خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا، کاتێک سبەی دەچێتە یاریگای یانەکە، لەبارەی جولیان ئەلڤارێز و داهاتووی ئەو یاریزانە، سەرۆکی ئاتلێتیکۆ بەکورتی وەڵامیداوەتەوە و دەڵێ، "ئەگەر پرسیاری کرد، وەڵامی خۆی وەردەگرێتەوە".
سەرۆکی ئاتلێتیکۆ، رەزامەندی خۆی لەبارەی ئاستی تیپەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا پێشانداوە و دەڵێ، "ئاستێکی باش پێشکەش دەکەین، پێویستمان بەهەندێک باشترکردنی ئاستمان لە چامپیۆنزلیگ هەیە، پێموایە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، یاریی داهاتوو هەوڵی بردنەوە دەدەین، هەروەها خۆمان دەخەینە شوێنێکەوە کە لە هەشت پێشەنگەکەی یەکەمی قۆناخی خول بین، لە چامپیۆنزلیگ".
تاوەکو ئێستا دیارنییە ئایا جولیان ئەلڤارێز لە یارییەکەی سبەیدا، سەرەکی دەبێت یان یەدەگ.




