رووداو دیجیتاڵ
کارلالبێرتۆ لودی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، دووپاتیکردەوە نیکۆ پازی یاریزانی لاوی یانەکە، تاوەکو ئێستا و بە رێژەی لەسەدا سەد لە یانەکەی بەردەوام دەبێت، هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد کە، گرێبەستی یاریزانەکە، بژاردەی گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید تێدایە.
لێدوانەکانی لودی، کۆتایی بەمشتومڕی بەردەوام لەبارەی نیکۆ پازەوە دەهێنێت، بەتایبەت کە ئەو لاوە ئەرجەنتینییە، یەکێکە لە دیارترین ئەستێرە گەشاوەکانی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ و تاوەکو ئێستا لە چوار یاریدا، سێ گۆڵ و 5 ئەسیستی هەبووە، لە نێویاندا گۆڵ و ئەسیستێک بەرامبەر مانچێستەر یونایتد.
ئاستی نیکۆ پاز، سەرنجی دەیان یانەی گەورەی ئەورووپای بۆخۆی راکێشاوە، بەتایبەت یانەکانی چێڵسی، مانچێستەر یونایتد، ئارسیناڵ و بارسێلۆنا ویستی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئاشکرا کردووە.
هەوڵی یانە گەورەکان بۆ بەدەستهێنانی نیکۆ پاز، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی بڕگەیەک لە گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی دەکەن، کە پێشینەی کڕینەوەی بۆ ریال مەدریدە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانە ئیتاڵییەکە دەڵێ، "هەموو ماوەیەکی گواستنەوەی زستانە و هاوینە، دەنگۆکانی کارکردنی ریال مەدرید بۆ بردنەوەی هەموو بەهرەمەندەکانی، بۆ ریزەکانی یانەکە بڵاودەبنەوە، ماوەیەک باسی یاکۆبۆ رۆمان دەکەن و ماوەیەکیش باسی نیکۆ پاز".
ریال مەدرید هاوینی رابردوو، نیکۆ پازی بە 60 ملیۆن یۆرۆ بە کۆمۆ فرۆشت، رێکەوتنی گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە نێوان هەردوو یانە، ئەگەری کڕینەوەی داوەتە ریال مەدرید بە 80 ملیۆن یۆرۆ، بەومەرجەی لە هاوینی 2027دا ئەنجامی بدات.
بەڕێوەبەرەکەی کۆمۆ دەڵێ، "ئێمە گرێبەستێکی ناوازەمان لەگەڵ ریال مەدرید کرد و بەرێژەی 100 لەسەد بووینە خاوەنی گرێبەستی ئەو یاریزانە، بەڵام ریال مەدرید پێشینەی مافی کڕینەوەی یاریزانەکەی هەیە تاوەکو مێژوویەکی دیاریکراو، ئەوەش بڕگەیەکی ئاساییە و لە گرێبەستی زۆر یاریزاندا دەنووسرێت".
لودی دووپاتیکردووەتەوە، گەڕانەوەی پاز بۆ ریال مەدرید، لە سەرکەوتنی ئەزموونی ئەو لەگەڵ کۆمۆ کەمناکاتەوە، دوپاتیکردووەتەوە کە ئەوان پەیوەندی نایابیان لەگەڵ کارگێڕیی ریال مەدرید هەیە، ئەو دەڵێ، "ئەگەر ریال مەدرید بڕگەکەش کارابکات و پاز بباتەوە لای خۆی، بۆ ئێمە دەبێتە فرۆشتنێکی زۆر باش، سوودی دارایی لە فرۆشتنەکە وەردەگرین، ئێمە دەزانین چۆن بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەڕێوەببەین، چەندین ساڵە ئەوە دەکەین و ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە پەیوەندییەکی زۆر ناوازەمان لەگەڵ کارگێڕیی ریال مەدرید هەیە".
زۆرینەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا پێیانوایە یانەی ریال مەدرید، لە هاوینی داهاتوودا نیکۆ پاز دەباتەوە ریزەکانی و پێویستی بەتواناکانی ئەو بەهرەمەندە هەیە.




