رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی مێژوویی، گەورە و سەرنجڕاکێشدا، یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان بەرامبەر گاڵاتەسەرای یاریی دەکات و رکابەری لەسەر گەیشتن بە پێشەنگی ریزبەندی سوپەرلیگ دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولی سوپەرلیگی تورکیا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە ئیستەنبووڵ دەبێتە میوانی یانەی گاڵاتەسەرای، یەکێکیان یەکەمی ریزبەند و ئەوەی دیکەیان دووەمی ریزبەندی خولەکەن.
ئامەدسپۆر ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە، تیپەکە لە دۆخێکی دەروونی زۆرباشدایە و دەیەوێت سوود لە هەلە مێژووییەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ گەورەترین یانەی تورکیا بردنەوە تۆماربکات و سێ خاڵی مێژوویی بباتەوە، کە ئەگەر ئەوەی کرد کەسک و سوور دەچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیا.
یانەکەی باکووری کوردستان، سێ یاریی رابردووی بەسەریەکەوە بردووەتەوە، لەم وەرزەدا ئاست و ئەنجامەکانی ئامەدسپۆر هەمووانی سەرسامکردووە، سەرەڕای ئەوەی یەکەم وەرزە بگاتە سوپەرلیگ.
ئامەدسپۆر ئێستا بە جیاوازیی تەنیا دوو خاڵ لەگەڵ گاڵاتەسەرای لە پلەی دووەمی ریزبەندی سوپەرلیگە و دەیەوێت ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی رکابەری لەسەر وەرگرتنی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بکات.
یانەی گاڵاتەسەرای لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ترابزۆن سپۆر دۆڕاندووە، جگە لەوە هیچ دۆڕاندنێکی نییە، ئامەدسپۆر بەدوای نووسینەوەی مێژوودا دەگەڕێت و دەیەوێت ببێتە یەکەم یانە لەم وەرزەدا لە یاریگای گاڵاتەسەرای بردنەوە تۆماربکات.
ئامارەکانی پێش یاریی لووتکە
یانەی گاڵاتەسەرای، بەهێزترین یانەی ئەم وەرزەی سوپەرلیگە، یانەکە لە 10 یاریی رابردوودا 8 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و یارییەکی دۆڕاندووە، یاریزانانی یانەکە 23 گۆڵیان تۆمارکردووە و 12 گۆڵی لێکراوە.
ئێستا گاڵاتەسەرای خاوەنی 25 خاڵە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی سوپەرلیگە، هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا لە یاریگای خۆی نەدۆڕاندووە.
یانەی ئامەدسپۆر، لەم وەرزەی سوپەرلیگدا، 10 یاریی ئەنجامداوە 7 یاریی بردووەتەوە، لە دوو یارییدا یەکسانبووە و یارییەکی بەرامبەر یانەی کۆجائەلی سپۆر دۆڕاندووە.
کەسک و سوور خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لە سوپەرلیگدا، یاریزانانی ئامەدسپۆر 25 گۆڵیان لەم وەرزەدا تۆمارکردووە، زیاتر لە هەموو یانەکانی دیکە و 11 گۆڵی لێکراوە.
ئێستا تیپەکەی باکووری کوردستان، لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 23 خاڵە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ ئامەدسپۆر دەچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
دوو دیارترین یاریزان یاریی ناکەن
لە یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەی گاڵاتەسەرای و ئامەدسپۆر، دوو یاریزانی دیار و کاریگەر لە ریزەکانی هەردوو تیپ یاریی ناکەن و هاندەران لە بینینیان بێبەش دەبن.
لە یانەی ئامەدسپۆر، ساموێل بالێت، هێرشبەری یانەکە بەشداری ناکات، بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوودا کارتی سووری وەرگرت و دوای ئەوەش یاریزانەکە بۆ سێ یاریی سڕکرا.
بالێت لە یاریی رابردووی ئامەدسپۆر هاتریکی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە لە ئەیوپ سپۆر، ئەو یاریزانە لەم وەرزەدا چوار گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە، بەڵام ئەمشەو یاریی ناکات.
لە ریزەکانی یانەی گاڵاتەسەرای، ڤیکتۆر ئۆسیمێن، گۆڵکار و ئەستێرەی یانەکە بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
ئۆسیمێن لەم وەرزەی سوپەرلیگدا خاوەنی 9 گۆڵ و 3 ئەسیستە، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی خولەکەیە، بەڵام ناتوانێت یارمەتی تیپەکەی بدات لە یاریی بەرامبەر ئامەدسپۆر.
جگە لەو یاریزانە، عەبدولکەریم بەرداخچی، بەرگریکاری یانە تورکییەکە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
گۆڵکاری سوپەرلیگ، ئەستێرەیەکی ئامەدسپۆرە
گیف ئۆربان، ئەستێرەی نەیجیری و یانەی ئامەدسپۆر گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی تورکیایە، یاریزانەکە یەکەم وەرزە لە ریزەکانی یانەکە یاریی دەکات، بەڵام بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و بە گۆڵەکانی هەمووانی تووشی زەحمەتیی زۆر کردووە.
ئۆربان، تەمەنی 24 ساڵە، لەم وەرزەی سوپەرلیگدا لە هەموو یارییەکاندا یارییکردووە، 9 گۆڵی بەدرێسی ئامەدسپۆرەوە تۆمارکردووە و لەگەڵ ئۆسیمێن پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و ئەمشەو هەلێکی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی گۆڵەکانی زیاتر بکات و بە تەنیا لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە بێت.
جگە لەوەش 4 گۆڵی دروستکردووە، کەواتە بەشداریی لە 13 گۆڵدا کردووە و ئەمە زۆرترین بەشداریکردنی یاریزانێکە لە گۆڵەکانی یانەکەیدا لەم وەرزەی سوپەرلیگدا.
بەهای بازاڕیی هەردوو یانە
پێش ئەنجامدانی یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەی گاڵاتەسەرای و ئامەدسپۆر، بەهای بازاڕیی پێکهاتەی یانەی ئامەدسپۆر 31.85 ملیۆن یۆرۆیە، بەبردنەوەی ئەم یارییە بەهای تیپەکە گۆڕانکاری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و دەباتە ئاستێکی بەرزتر.
گیفت ئۆربان، هێرشبەری نەیجیری بە 7 ملیۆن یۆرۆ گرانترین یاریزانی ئێستا نێو پێکهاتەی ئامەدسپۆرە.
بەهای بازاڕیی پێکهاتەی گاڵاتەسەرای 381.50 ملیۆن یۆرۆیە، کەواتە 12 هێندەی بەهای بازاڕیی ئامەدسپۆر، ئەوان تیپێکی دەوڵەمەندی تورکیان و لەم وەرزەدا لە چامپیۆنزلیگی ئەورووپادا یاریی دەکەن.
ڤیکتۆر ئۆسیمێن، گرانترین یاریزانی ئەو یانەیەیە و ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 65 ملیۆن یۆرۆ، کە نرخی ئەو بەتەنیا دوو هێندەی بەهای بازاڕیی هەموو پێکهاتەی ئامەدسپۆرە.




