رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، یۆهان مانزامبیی یاریزانی سویسری، کە ئێستا یاری بۆ یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی دەکات، خستووەتە لیستی گواستنەوەکانی خۆیەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری گواستنەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی سەرنجڕاکێش لە دوای پەیوەندیکردنی بە یانەکەیەوە.
یاریزانە لاوەکەی هێڵی ناوەڕاست جێگەی بایەخی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنایە، کە چاودێری گەشەسەندنەکانی دەکات بەئامانجی ئەوەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
مانزامبی تەمەنی 21 ساڵە و بەرزیی باڵاکەی 182 سانتیمەترە، بەوە ناسراوە کە دەتوانێت چەندین ئەرک لە هێڵی ناوەڕاست لە ئەستۆ بگرێت، ئەمە جگە لە توانا جەستەیی و تەکنیکییەکانی، کە سەرنجی چەند یانەیەکی بۆ لای خۆی راکێشاوە.
یاریزانە سویسرییەکە لە مانگی تەمموزی 2016 لە یانەی فرایبۆرگی ئەڵمانییەوە بەنزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی ئاستۆن ڤێلاوە کردووە و تاوەکو ساڵی 2031 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە هەیە.
نرخی گواستنەوەی یاریزانەکە و ماوەی درێژیی گرێبەستی یاریزانەکە ئەرکی بارسێلۆنا قورس دەکات، بەتایبەتی کە یانە ئینگلیزییەکە لە ژێر گوشاردا نییە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ببێت. ئەمەش لەوانەیە یانە کەتەلۆنییەکە ناچاربکات بەوردی بیر لە بژاردەکانیان بکەنەوە پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێکی فەرمی ئەنجام بدەن.




