رووداو دیجیتاڵ
جیسوس ئۆونۆ، گۆڵپارێزی یانەی ئاندۆرای رکابەر لە خولی پلە دووی ئیسپانیا، خەمباریی گەورەی خۆی بەهۆی گیانلەدەستدانی جیسوس دی میگێلی یاریزانی یانەی تێنریفی دەربڕی، پاش بەریەککەوتنیان لە نێو یاریگادا.
دی میگێل لە دوای بەرکەوتنی لەگەڵ ئۆونۆ، گواسترایەوە نەخۆشخانە و خرایە ژێر چاودێریی چڕەوە، بەڵام رۆژی دواتر گیانی لەدەستدا.
ئۆونۆ لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "ئێستا سەختترین رۆژەکانی ژیانم بەسەردەبەم. وشەکان بەرگە ناگرن، زەحمەتییەکی زۆر لە تێگەیشتن لەوەدا دەبینمەوە، کە روویدا. دەزانم زۆر پرسیار هەن کە دەبێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، من بەوپەڕی رێزەوە، رووبەڕووی هەموویان دەبمەوە".
هەندێک کەس، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا، گومان لەوە دەکەن کە ئۆونۆ بەجۆرێک لە جۆرەکان، وەک تۆمەتبار لە گیان لەدەستدانی یاریزانەکەی تێنریفی دەناسێنن.
ئۆونۆ هەروەها دەڵێ، "لەم ساتەدا، بەوپەڕی راشکاوییەوە دەڵێم، ناتوانم بیر لە هیچ شتێکی دیکە بکەمەوە، تەنیا جیسوس نەبێت، هەروەها ئەو ئازارەی خێزانەکەی بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەهیوام بەئارامی بڕۆیت".
گۆڵپارێزەکەی ئاندۆرا، دوای رووداوەکە ناچاربوو ئەکاونتی خۆی لە ئینستاگرام دابخات، پاشئەوەی رووبەڕووی هێرشی زۆر و رەخنەی تووندی خەڵک بووەوە و هەندێک ئەویان بە "بکوژ" ناوبرد.
یانەی ئاندۆرا، پشتگیریی دەروونی بۆ هەموو ئەندامانی یانەکە دەستەبەرکردووە، بە گۆڵپارێزەکەیشییەوە، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوەکانی پاش رووداوەکە.
گیان لەدەستدانی هێرشبەرە 30 ساڵانەکەی تێنریفی، شۆکێکی گەورەی تووشی خێزانی تۆپی پێ لە جیهاندا کرد و چەندین ئەستێرەی گەورە، پشتگیریی خۆیان بۆ خێزانەکەی دەربڕی.




