رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا باسی لە دۆخی ئەستێرەی بەرازیلی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر کرد و دووپاتیکردەوە کە چەند مانگێکە کێشەی زۆری هەیە.
ڤینیسیۆس بە باشترین قۆناخی خۆیدا تێناپەڕێت و رەخنەکانیش لە نمایشەکانی لە زیادبووندایە. هێرشبەرە بەرازیلییەکە دوورە لەو یاریزانەی کە پێشتر جیاوازی دروست دەکرد و وەک یەکێک لە یاریزانە یەکلاکەرەوەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا ناسراوبوو.
ساموێل ئومتیتی بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆنا زۆر راشکاوانە نیگەرانیی خۆی لە دۆخی یاریزانە بەرازیلییەکە خستەڕوو.
ئومتیتی بە رادیۆی RMCـی راگەیاندووە "بەزەییم پێیدا دێتەوە! چەند مانگێکە لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە. لەڕووی فنیشینگەوە کێشەی هەیە و هەلێکی زۆر بەفیڕۆ دەدات، چیدی ئەو هێرشبەرە ترسناکە نییە".
یاریزانە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە رەگ و ریشەی ئەم دابەزینی ئاستە لەو نائومێدییە بێت کە هەستی پێکردووە دوای دۆراندن و لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆندۆری 2024.
ئومتیتی ئاماژەی بەوەشکرد، نەبردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر زۆر کاریگەری لەسەر بووە، زەحمەتە ئەو وەشانەی ڤینیسیۆس بەدەستبهێنرێتەوە کە رۆژێک هەیبوو، و دووپاتیکردەوە کە یاریزانە بەرازیلییەکە بەشێکی زۆری ئەو کوالیتییەی لەدەستداوە کە پێشتر وایکردبوو رکابەرەکانی لەناو یاریگادا لێی بترسن.
لای خۆیەوە پرێدراگ میاتۆڤیچ یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدریدیش پێیوایە ڤینیسیۆس دوورە لە ئاستی ئاسایی خۆی.
ئەو پێیوایە زیادبوونی کێبڕکێ و گوشارەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی یاریزانەکانی هەیە و دەڵێت "پێشتر رکابەرییەکی راستەقینەی نەبووە بۆ پێگەکەی، بەڵام ئێستا هەیە و روونە. ئەو لەژێر گوشارێکی زۆردا یاری دەکات؛ دەیەوێت لە هەموو ساتێکدا یەکلاکەرەوە بێت، ئەو ئێستا دوورە لە باشترین ئاستی خۆی".
سەرەڕای ئەوەش میاتۆڤیچ متمانەی بە توانای یاریزانەکە هەیە بۆ گەڕانەوە. لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی کادینا سێر گوتی "پێموایە پێویستە ئارام بێتەوە، وەرزەکە هێشتا درێژە، ئەگەر سەرنجی لەسەر باشتربوون بێت بەدڵنیاییەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یاریزانێکی یەکلاکەرەوە بێت".
هەروەها میاتۆڤیچ پێشنیازی ئەوەشی کرد کە لەوانەیە جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەرێکی گونجاو بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.




