رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، جووڵەکانی بەئاراستەی دروستکردنی یەکێک لە گەورەترین و ئایکۆنیترین رووداوەکانی مێژووی تۆپی پێ ئامادە دەکات، بەکۆکردنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی هەڵبژاردەکە و کریستیانۆ جۆنیۆری کوڕی.
فیلیپی رامۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی پۆرتوگالی خوار 17 ساڵان، بەفەرمی بانگهێشتکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆنیۆری تەمەن 16 ساڵانی، کوڕی رۆناڵدۆی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکە راگەیاند، لە هەنگاوێکی مێژووییدا کە دەکرێ ئەوەی لێبکەوێتەوە کە بە 'وێنەی سەدە' ناودەبرێت.
جۆنیۆر یەکەمجارە بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵانی پۆرتوگال دەکرێت. ئەو دوای هەفتەیەکی دیکە، پەیوەندی بەکەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەوە دەکات، لە لیسبۆنەی پایتەختی وڵاتەکە.
بانگهێشتکردنەکە، تەنیا سەرخستنی کوڕەکەی رۆناڵدۆ نییە بۆ هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتەکە، بەڵکو رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ لەدایکبوونی 'وێنەی سەدە' ئەو وێنەیەی کە پێشبینیدەکرێت، رۆناڵدۆی باوک و رۆناڵدۆی کوڕ، بەدرێسی پۆرتوگالەوە لەسەر یاریگا و لە یەک کەمپدا، کۆبکاتەوە.
رووداوە پێشبینیکراوەکە، ئەوکات ئەگەری روودانی بووە راستی، کە دەرکەوت کات و شوێنی کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی پۆرتوگال، هاوکات دەبێت لەگەڵ کات و شوێنی کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتەکە.
جۆنیۆری یاریزانی ئەکادیمیای نەسڕی سعودی، لەگەڵ یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەکە، خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەیۆرۆی خوار 17 ساڵان ئامادە دەکات، کە تێیدا پۆرتوگال سێ یاریی، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئاندۆرا، بولگاریا و سڕبیا لە نێوان 11 تاوەکو 17ی ئەم مانگە، ئەنجامدەدات.
لە هەمان ئەو رۆژانەدا، هەڵبژاردەی یەکەمی پۆرتوگال، بڕیارە لە رۆژانی 14 و 17ی ئەم مانگە، دوو یاریی یەکلاکەرەوەی نەیشنسلیگ، بەرامبەر هەریەکە لە دانیمارک و وێڵز ئەنجام بدات. ئەوەش مانای ئەوەیە، رۆناڵدۆی باوک 41 ساڵ، لەگەڵ رۆناڵدۆی کوڕ، لە هەمان ماوەدا، لە یەک کەمپدا دەبن، پاشئەوەی سزای راگرتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە ماوەکەی 30 رۆژ بوو، کۆتایی دێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، خۆی بۆ دروستکردنی وێنە مێژووییەکە ئامادەکردووە، کە تێدا کریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکان بە 143 گۆڵ، لە کەمپی مەشقەکاندا، چاودێری کوڕەکەی دەکات، یان پێکەوە چەند گرتەیەکی یارییکردنیان بەدرێسی فەرمیی پۆرتوگالەوە دەبێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشتر رایگەیاندبوو، ئاواتی ئەوەیە لەگەڵ جۆنیۆری کوڕی، پێکەوە لە یەک یاریگادا یاریی بکەن.
رۆناڵدۆ کە هەوڵدەدات بگاتە گۆڵی ژمارە 1000 لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا، دەکرێ لە وێستگەی دیکەی جیاوازدا لەگەڵ جۆنیۆر، لەسەر یەک یاریگا دەربکەوێت، وەک ئەگەری سەرخستنی کوڕەکەی بۆ تیپی یەکەمی یانەی نەسڕ، یان ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی رێزلێنان بۆ کاروانی ئەو لە یاریگاکاندا، بەڵام ئەو وێنەیەی لە کەمپی ئەمجارەی هەڵبژاردەکانی پۆرتوگالدا دەردەکەوێت، مێژووییترین دەبێت.




