رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی بەدوای سێیەم بردنەوەدا دەگەڕێت، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، کاژێر 23:00 یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەرامبەر یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ نزیک ببێتەوە.
مانچێستەر سیتی لە سێ یاریی رابردوودا دوو سەرکەوتن و دۆڕانێکی هەیە، ئێستا خاوەنی 6 خاڵە.
یانەی لایپزیگ ئەنجامەکانی لە چامپیۆنزلیگدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و دوو یاریی دۆڕاندووە، دەیەوێت سوود لە یاریگاکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی باشتر بکات، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە، بەتایبەت کە مانچێستەر سیتی تیپێکی بەهێزە لەم وەرزەدا.
مانچێستەر سیتی شەش یاریی بەرامبەر لایپزیگ ئەنجامداوە، 4 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و یەک یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
گۆڵکاری رووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو یانە ئێرلینگ هالاندە و یاریزانەکە 6 گۆڵی بەرامبەر لایپزیگ تۆمارکردووە، لەم وەرزەشدا هێرشبەرە نەرویجییەکە 4 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگدا کردووە و دەیەوێت ئەمشەویش سەرکردایەتیی بردنەوەیەکی دیکەی یانەکەی بکات.




