رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی تیپەکەی لە ئاستۆن ڤێلا، لە گەڕی چوارەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ دەربڕی، دووپاتیکردەوە بە شێوازی بەرگریکردنی تیپەکەی سەرسام بووە.
بارسا میوانداریی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی کرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە. ئەمە یەکەم بردنەوەی بارسا بوو، لە دوای شکستی لە گەڕی پێشوو، بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
راهێنەری بارسێلۆنا دوای یارییەکە گوتی، "ئەمڕۆ زۆر گرنگ بوو پێکەوە بەرگری بکەین. یەکگرتووبووین، هێڵی بەرگریمان ئاستێکی ناوازەی هەبوو، ئەوان نزیکەی هەموو شتێکیان کرد. بوونی خوان گارسیا لە پشتیانەوە کارێکی ناوازەبوو. کاتێک تەماشای کەمیی تەمەنی یاریزانان دەکەیت و دەبینی بەو ئاستەوە دەردەکەون لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، من هەست بەشانازییەکی گەورە دەکەم".
فلیک ئاشکرایکردووە لە یارییەکەدا، شێوازێکی دیکەی گوشارکردنی لە ئاستۆن ڤێلا پەیڕەوکردووە و ئەو شێوازەش، زوو ئەنجامی بەدەستەوەداوە.
ئەو دەڵێ، "دوێنێش گوتم کە ئێمە رووبەڕووی تیپێکی باش دەبینەوە، ئەوان لە گێمی یەکەمدا قسەکەی منیان دووپاتکردەوە. ئێمە ویستمان بەشێوازێکی کەمێک جیاوازتر لەوەی هەمانە، گوشاریان لێ بکەین، بۆ ئەوەی هەڵە بکەن. ئەوە روویدا و سەرکەوتووبووین لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم، ئەوە ناوازە بوو".
بارسێلۆنا کە نۆیەم خاڵی لە قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ، پاش چوار یاریی بەدەستهێنا، ئاستەکەی جێگای رەزامەندیی گەورەی راهێنەرەکەی بوو، فلیک گوتی، "هەروەها بردنەوەی یارییەکە بەهەمان شێوە زۆر گرنگ بوو، بۆ من، شێوازی بەرگریکردنمان گرنگترین شت بوو. روون بوو کە یاریزانەکان چ متمانەیەکیان بەخۆیان هەیە، چ لە جووڵە بەتۆپەوە یان بەبێ تۆپ، دڵخۆشبووم بەوەی بینیم".
لە دوای کۆتایی هێنان بەئەرکە ئەورووپییەکە، بارسێلۆنا خۆی بۆ یارییەکی دیکەی گرنگ لەلالیگا تۆماردەکات کە رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە، لەنێو یاریگای میترۆپۆڵیتانۆ. بارسا دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە، لەمانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا، دڵنیا ببێتەوە.




