رووداو دیجیتاڵ
خیسۆس ئۆونۆی گۆڵپارێزی یانەی ئەندۆرا، دوای رووداوەکەی پێکانی خیسۆس دی میگێلی یاریزانی یانەی تێنریفی و دواتر گیان لەدەستدانی، کەوتە بەر لێشاوێک رەخنە و سووکایەتی پێکردن، تاوەکو ناچاربوو ئەکاونتەکانی لە سۆشیاڵ میدیا دابخات.
ئەمڕۆ سێشەممە دوای مردنی دڵتەزێنی یاریزانی یانەی تێنریفی، خیسۆس دی میگێل، خەمێکی گەورە باڵی بەسەر جیهانی تۆپی پێدا کێشا و بۆشایییەکی گەورەی بەجێهێشت.
یانەی ئەندۆرا لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیادا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەدڵی شکاو و خەمێکی قووڵەوە، ئاواتەخوازین سەرەخۆشییەکی دڵسۆزانە ئاراستەی بنەماڵەی خیسوس دی میگێل و سەرجەم هاوڕێکانی و یانەی تێنریفی بکەین. بەئارامی بنوو".
بەپێی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئێوارەی دوێنێ یانەی ئەندۆرا دوای کاژێر 8:00ـی ئێوارە بە فڕۆکە شاری تێنریفی بەرەو بارسێلۆنا بەجێهێشت، پێش ئەوەی بە پاس بەردەوام بن لە گەشتەکەیان بۆ ئەندۆرا.
بەدرێژایی گەشتەکە یاریزانەکان بەوردی چاودێری تەندروستی دی میگێلیان دەکرد، ژاومێ نۆگێس بەڕێوەبەری وەرزشی و ئەندامێکی ستافی پزیشکی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ یانەکەی تێنریفی دەکرد.
هەستێکی پڕ لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ تیپەکەی گرتبووەوە، بەتایبەتی خیسۆس ئۆونۆدا، کە بەشێوەیەکی دیار دڵتەنگ بوو، کە وادیاربوو رووداوەکە بەدرێژایی گەشتەکە بە قووڵی کاریگەری لەسەر هەبووە.
گۆڵپارێزە تەمەن 25 ساڵەکە، بەڕەچەڵەک خەڵکی گینیایە، بەکاتێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، دوای یارییەکە لە ژووری جلگۆڕیندا بینراوە و دەگریێ و نوێژ دەکات.
ئۆونۆ ئەو یاریزانە بوو کە بووە هۆی پێکانەکەی دی میگێل، و دواتر بووە هۆی خەواندنی لە نەخۆشخانە و ئینجا گیانلەدەستدانی.
گۆڵپارێزەکە لەکاتی جێهێشتنی یاریگاکە رووبەڕووی دروشمی دوژمنکارانەی هاندەران بووەوە، هەندێک هاواریان دەکرد "بکوژ! بکوژ!" لە چەند کاژێری رابردوودا، لە ئەکاونتەکانی سۆشیاڵ میدیاشدا لێشاوێک نامەی هەڕەشەئامێز و سووکایەتیپێکردنی بۆ نێردراوە، ئەمەش وایلێکرد ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی دابخات، لەکاتێکدا ئەکاونتی ئێکسەکەی ماوەی دوو ساڵ بوو ناچالاک بوو.
ئەوانەی نزیکن لێیەوە پشتڕاستیان کردەوە کە گۆڵپارێزەکە لە کاتی پێکدادانەکەدا هیچ نیازێکی نەبووە زیان بە دی میگێل بگەیێنێت بەهیچ شێوەیەک، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە "کەسێکی زۆر خۆشەویست و دۆستانەیە و هیچ نیازێکی خراپی نییە".
لای خۆیەوە یانەی ئەندۆرا روونیکردەوە کە یاریزانەکە بەنیاز بووە پێش ئەوەی هەر لێدوانێکی گشتی دەربکات پەیوەندی بە دی میگێل و خێزانەکەیەوە بکات بۆ داوای لێبوردن و دەربڕینی پشتگیری و پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویستیان پێی بێت، بەڵام دوای مردنەکە دۆخەکە بەشێوەیەکی بەرچاو و کارەساتبار گۆڕا و گەیشتە لووتکە بە سیناریۆیەک کە کەس ئارەزووی بینینی نەدەکرد. بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا یانەی ئەندۆرا لێدوانی زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوبکاتەوە.




