رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید زوو دەستی بە پلاندانان کردووە بۆ داهاتووی پۆستی گۆڵپارێزی، بەو پێیەی تیبۆ کۆرتوا لە کۆتایی کاروانی وەرزشیی خۆی نزیک بووەتەوە. ئەوان بارت ڤێربرۆگنی گۆڵپارێزی هۆڵەندی یانەی برایتۆنیان کردووەتە بەهێزترین بژاردە بۆ ئەوەی ئەرکی پاراستنی تۆڕی یانەی شاهانە لە ساڵانی داهاتوودا پێیڕاسپێرن.
رۆژنامەی سپۆرت بیڵد لە زاری رۆژنامەنووس، بن فێرناندێز سانتۆسەوە پشتڕاستی کردەوە کە ریال مەدرید چاودێری گەشەسەندنی گۆڵپارێزە هۆڵەندییەکە دەکات، کە بە ئاستەکانی لە خولی نایابی ئینگلیزی سەرنجی راکێشاوە، سەرنجی چەند یانەیەکی سەرەکی ئەورووپای راکێشاوە بەهۆی نماییشەکانی بۆ برایتۆن و هەڵبژاردەی هۆڵەندا.
ڤێربرۆگنی تەمەن 24 ساڵ گۆڵپارێزی سەرەکی یانەی برایتۆنە و سەرەڕای تەمەنی بچووکی خاوەنی ئەزموونێکی باشی نێودەوڵەتییە.
گۆڵپارێزەکە لەم دواییانەدا ئاستێکی نایابی بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێشکەشکرد، لە یارییەکدا کە تیپەکەی بەئەنجامی 1-0 لە دەرەوەی یاریگای خۆی کۆتاییهات.
گرێبەستەکەی ڤێربرۆگن لەگەڵ برایتۆن لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ یانەی ریال مەدرید، بەتایبەتی کە هاوکاتە لەگەڵ وادەی چاوەڕوانکراوی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی کۆرتوا، ئەگەر گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە گرێبەستەکەی تاوەکو هەمان ساڵ درێژبکاتەوە، بەڵام گرنگیدانی ریال مەدرید بۆ گۆڵپارێزە هۆڵەندییە مەرج نییە لەبەر ئەوەبێت کە لەم کاتەدا کۆرتوا دەڕوات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە نزیکە لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028، ئەوکاتە تەمەنی دەبێتە 36 ساڵ، ئەمەش کاتێک دەدات بە کارگێڕیی یانەکە بۆ پلاندانان بۆ داهاتوو بەبێ ئەوەی پەلە بکات لە گواستنەوەی.
گرنگیدانی ریال مەدرید بۆ داهاتوو تەنرا لە ڤێربرۆگن سنوردار نییە. لە چەند مانگی رابردوودا یانەکە پەیوەندی بە چەند گۆڵپارێزێکی دیکەوە هەبووە، لەوانە دیۆگۆ کۆستا، گیلۆم رێستیس، جیانلویجی دۆنارۆما، لوکا بروگمانس و دەیڤد رایا، بەڵام هێشتا دیارنییە بەدواداچوون بۆ ڤێربرۆگن دەگۆڕێت بۆ گواستنەوەی فەرمی، کە ناوەکەی بووەتە یەکێک لەو بژاردانەی کە لەبەردەستی کارگێڕیی ریال مەدریددایە، کە هەوڵدەدەن داهاتووی پۆستی گۆڵپارێز مسۆگەر بکەن پێش ئەوەی کاتی کۆرتوا لەگەڵ تیپەکەدا کۆتایی پێبێت.




