رووداو دیجیتاڵ
گۆڵکار و هێرشبەری یانەی بايرن میونشنی ئەڵمانی، هاری کەین، بە فەرمی بووە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2026. گۆڵکارە ئینگلیزییەکە توانى پێش هەردوو ئەستێرە کیلیان ئێمباپێ و لامین یامال بکەوێت و لە 70یەمین رێوڕەسمی ئەم خەڵاتە بەناوبانگەدا، وەک باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان بكرێت.
تێپەڕبوونی ئەم رێوڕەسمە لە شاری لەندەن، گرنگییەکی تایبەتی بە سەرکەوتنەکەی کەین بەخشی، چونکە پایتەختی بەریتانیا شوێنی لەدایکبوونی ئەو یاریزانەیە و هەر لەوێش یەکەم هەنگاوەکانی کاروانی پیشەگەریی خۆی لە تۆپی پێدا دەستپێکردووە.
هاری کەین کە لە سەرەتاوە چانسی یەکەمی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بوو، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە لەگەڵ خێزانەکەی و شاندێکی گەورەی یانەی بایرن میونشن گەیشتە لەندەن.
پێش بردنەوەی خەڵاتە گەورەکە و لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا لە هۆڵی 'لەندەن پالادیۆم'، کەین وەک باشترین هێرشبەری ساڵ دەستنیشانکرا و خەڵاتی 'گێرد مولەر'ی پێبەخشرا، پاشان باڵۆندۆریشی بردەوە کە بەرزترین خەڵاتی تاکەکەسییە لە جیهانی تۆپی پێدا.
لە لایەکی دیکەوە، لامین یامال، ئەستێرەی گەنجی یانەی بارسێلۆنا کە یەکێک بوو لە بەربژێرە سەرەکییەکان، خەڵاتی 'کۆپا'ی وەک باشترین یاریزانی تەمەن خوار تەمەن 21 ساڵ بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بەدەستهێنا.
بەڵام یامال لە لێدوانێکدا پشتگیری خۆی بۆ هاوڕێکەی راگەیاند و گوتی: ئەم خەڵاتە شایستەی پاو کوبارسی بوو، چونکە ئەو لە ئاستێکی زۆر بەرزدا یاری دەکات و بەڕاستی شایستەی ئەم دەستکەوتە بوو.
لە بەشێکی دیکەی خەڵاتەکاندا، ئیسپانییەکان باڵادەست بوون؛ لویز دێ لا فوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی جیهان، خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵی بردەوە. ئونای سیمۆن، گۆڵپارێزی ئیسپانیایش خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی ساڵی پێبەخشرا. هەروەها یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی خەڵاتی باشترین یانەی ساڵی پیاوانی بردەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتان؛ کۆنتڕۆڵی تەواوی بارسێلۆنا
لەسەر ئاستی ئافرەتاندا، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی شەوێکی مێژوویی بەڕێکرد؛ ئەلێکسیا پوتێیاس بۆ سێیەم جار لە کاروانەکەیدا خەڵاتی باڵۆندۆری ئافرەتانی بردەوە. ڤیکی لۆپێزی یاریزانی بارسێلۆنا خەڵاتی کۆپای بۆ باشترین یاریزانی لاو بۆ خانمان بەدەستهێنا. کاتا کۆڵ خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی بردەوە و پێرێ رۆمیۆ، راهێنەری بارسێلۆناش وەک باشترین راهێنەری ئافرەتان دیاریکرا. بەمەش یانە کەتەلۆنییەکە وەک باشترین یانەی ئافرەتانی ساڵ دەستنیشانکرا.



