رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵ، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەسەر یاریگای کامپ نو، کۆبکاتەوە، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی میدیایی، باس لە بوونی هەڕەشە و مەترسی گەورە لەسەر یارییەکە دەکەن.
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، دۆخی ئاسایشی هەرێمەکە شێواوە، پاشئەوەی چەند ناوچەیەکی جیاوازی شارەکە، کاری تێکدەرانە و تووندوتیژی بەخۆوەبینی و بەهۆیەوە پۆلیس نزیکەی 100 کەسی دەسگیرکرد.
رووداوەکان دوێنێ شەو، واتە شەوێک بەر لە یارییە گرنگەکە روویانداوە، ئەوەش مشتومڕی لەبارەی رێوشوێنە ئاسایشییەکانی یارییەکەوە هێناوەتە ئاراوە، بەتایبەت کە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا، یارییەکەیان بەمەترسیدار و پڕ لە ئاڵنگاری ئاسایش ناوبردووە، بەرلەوەی ئاژاوەکانی چەند رۆژی رابردوو سەرهەڵبدەن.
گۆڕەپانی کەتەلۆنیا و ناوچە جیاوازەکانی لە سەنتەری شاری بارسێلۆنا، ئێوارەی شەممە (دوێنێ)، رووبەڕووبوونەوەی نێوان پۆلیسی شارەکە و ژمارەیەک خۆپێشاندەری بەخۆوەبینی، پاشئەوەی کۆبوونەوەی بانگهێشت بۆکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەریکێشا بۆ کاری تووندوتیژی و تاڵانکاری.
پۆلیسی شارەکە رایگەیاندووە، نزیکەی 100 کەس کە لە نێویاندا 27 مێرمنداڵ هەبوون، دەستگیرکراون، لە کاتێکدا ئاگر لە 30 شوێنی جیاوازی شارەکە بەردراوە و 14 شوێنی بازرگانی، رووبەڕووی تاڵانکردن و تێکدان بوونەتەوە.
نوریا بارلۆن، وەزیری ناوخۆی حکومەتی کەتەلۆنیا دەڵێ، رووداوەکان، سوتاندنی چەندین زبڵدانی گەورە، هەروەها شەقامی جیاوازیان گرتووەتەوە، ئەمە جیا لە دانانی بەربەست لەسەر شەقامەکان لەلایەن کەسەکانەوە، هەروەها بەردبارانکردنی هێزەکانی پۆلیسی شارەکە، لە کاتێکدا بەشی زۆری کۆگا و فرۆشگاکان، دووکانەکانیان لەترسی تاڵانی داخستووە.
پۆلیس داوای لە هاووڵاتییانی شارەکە کردووە، لە گۆڕەپانی کەتەلۆنیا و ناوچەکانی نزیکی دووربکەونەوە.
رۆژنامەی 'لاڤێنگاردیا' دەڵێ، لە رێگای ئینتەرنێتەوە داوای کۆبوونەوەی خۆپێشاندەران کراوە، هاوشێوەی ئەوەی لە فەرەنسا روویداوە.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، تاوەکو ئەم ساتە، هیچ هۆشداریدانێک لەبارەی ئەگەری دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی وادەی بەڕێوەچوونی کلاسیکۆ نییە، بەڵام رووداوەکانی شارەکە لە چەند کاژێر داهاتوودا، هەموو شت لەبارەی یارییەکەوە یەکلایی دەکەنەوە.




