رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تەکنیکیی ناوبژیوانان بە فەرمی رایگەیاند کە خوان مارتینێز مونوێرا ئەرکی بەڕێوەبردنی یاریی کلاسیكۆی سبەی یەکشەممەی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەگرێتە ئەستۆ، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراودا کە گرنگییەکی زۆری لەسەر ئاستی وەرزشی و ناوبژیوانی هەیە، بەتایبەت لەناو کەشێکی پڕ لە ئاڵۆزی دوای ئەو ناکۆکییانەی لە گەڕەکانی دواییدا روویان دا.
ئەمە پێنجەم جار دەبێت کە مارتینێز مونوێرای تەمەن 44 ساڵ، لە مێژووی 14 وەرزەی کارکردنی لە خولی پلەیەکی ئیسپانیادا، یاریی کلاسیكۆ بەڕێوە ببات.
ئەنجامەکانی پێشوو لە بەرژەوەندیی ریال مەدریدن، کە لە سێ یاری لەو چوار یارییەی ناوبژیوانەکە بەڕێوەی بردوون سەرکەوتنی بەدەست هێناوە؛ لەوانە بردنەوەی 3-1 لە لالیگای ساڵی 2020، 4-0 لە گەڕی گەڕانەوەی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە ساڵی 2023، 4-1 لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە ساڵی 2024.
لە بەرامبەردا، بارسێلۆنا یەک سەرکەوتنی بە ئەنجامی 4-0 لە یەکێک لە یارییەکانی لالیگادا لە ساڵی 2022 تۆمار کردووە.
لەم وەرزەدا، مارتینێز مونوێرا یەک یاری بۆ هەر یەک لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەڕێوە بردووە؛ سەرپەرشتیی یاریی یانە کەتەلۆنییەکەی کرد بەرامبەر سێڤییا لە یاریگای رامۆن سانچێز پیسخوان کە بە سەرکەوتنی بارسێلۆنا 3-1 کۆتایی هات، هەروەها یاریی ریال مەدریدی بەرامبەر مالاگا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەبرد کە بە سەرکەوتنی شاهانەییەکان 4-0 تەواو بوو.
ئەم ناوبژیوانە ئیسپانییە 46 یاری بۆ ریال مەدرید بەڕێوە بردووە، کە تێیاندا یانەکە 30 سەرکەوتن، 9 بەرامبەربوون و 7 دۆڕانی تۆمار کردووە.
سەبارەت بە بارسێلۆناش، مارتینێز مونوێرا 40 یاری بۆ بەڕێوەبردوون، کە تێیاندا یانەکە 27 سەرکەوتن، 6 بەرامبەربوون و 7 دۆڕانی بەدەست هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، ناوبژیوان خاڤێر ئیگلێسیاس ڤییانویڤای تەمەن 43 ساڵ بەرپرسیارێتیی ڤار (VAR) لە کلاسیكۆدا دەگرێتە ئەستۆ.




