رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکشەممە جۆزێ مۆرینیۆ، جارێکی دیکە ئاڵنگارییەکانی بەرامبەر باڵادەستی و درەوشانەوەکانی بارسێلۆنا نوێدەکاتەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە دوای گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی ریال مەدرید، لە کامپ نو ڕووبەڕووی بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکە دەبێتەوە.
مۆرینیۆ و کۆتایی پێپ
ماوەی یەکەمی راهێنەرە دێرینە پۆرتوگالییەکە لە مەدرید، تا رادەیەکی زۆر بەخاڵی وەرچەرخان لە هاوکێشەی بارسا - ریالدا ناوبرا و ئەو راهێنەرە، توانی کۆتایی بەباڵادەستییە گەورەکەی بارسای پێپ، بەسەر مەدریدا بهێنێت، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانە، بۆ خاڵی سفر دابەزین.
مۆرینیۆ لەگەڵ تیپەکەیدا سەرەتا جامی شا و دواتر لالیگای لە بارسا تۆقێنەرەکەی پێپ وەرگرتەوە، بەرلەوەی ساڵێک دواتر، پێپ لە مەشقدانی یانەکەی بڕوات.
یارییەکانی کلاسیکۆ لەماوەی یەکەمی کارکردنی مۆرینیۆدا لەگەڵ یانەکە، لە گەرم گەرمتربوون و هەندێکجار بوونە جەنگێکی راستەقینەی نێوان هەردوولا، ئەوکات جۆزێ و ستافەکەی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، لەسەر هێڵ کەوتنە دەمەقاڵە لەگەڵ هاوتاکانیان لە بارسێلۆنا، لە میدیاکانیشەوە لە دژی یەک، لێدوانیاندا.
مۆرینیۆی تەمەن 63 ساڵ لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، لەژێر دەستی بۆبی رۆبسۆنی ئینگلیزی و لویس ڤان خالی هۆڵەندی، لە یانەی بارسێلۆنا وەک یاریدەدەر کاری کردووە، زۆرجار هاندەرانی بارسێلۆنا دەڵێن، مۆ زۆر حەزی لە مەشقدانی بارسێلۆنا بووە، بەڵام کەتەلۆنییەکان پێیڕازی نەبوون و هەر ئەوەش وایکردووە، سپێشەڵ وەن رقی لە بارسێلۆنا بێت.
چوار کلاسیکۆ بەسەریەکەوە
ماوەی یەکەمی کارکردنی مۆرینیۆ لە ریال مەدرید، ماوەیەکی پڕ لە تووندی و رووداوی خێرابوو، ئەو بەردەوام لەگەڵ گواردیۆلا و لیۆنێل میسی و تەنانەت ئەفسانەیەکی وەک ئیکەر کاسیاس کە گۆڵپارێزی ریال بوو، دەکەوتە نێو ناکۆکیی قووڵەوە.
یەکێک لە رووداوە بەناوبانگەکان کاتێک روویدا، کە مۆرینیۆ پەنجەی لە چاوی تیتۆ ڤیلانۆڤا یاریدەدەری راهێنەری ئەوکاتەی بارسێلۆنادا.
سەرەتای ئەو ساڵە و لە کۆتایی وەرزی پێشوودا، ریال مەدرید و بارسا لەماوەی تەنیا 18 رۆژدا، چوار جار رووبەڕووی یەکتربوونەوە، ئەمەش تیشکی خستە سەر چڕیی ململانێی نێوان هەردوو یانە.
یەکەم رووبەڕووبوونەوە ئەو وەرزە لە لالیگا بوو، یارییەکە 1 - 1 کۆتایی هات، ئەو یەکسانبوونە، هاوکاریی بارسای کرد بۆ هێشتنەوەی نازناوی لالیگا لای خۆی.
لە رووبەڕووبوونەوەی دووەمدا ، ریال مەدرید بە سەرپەرشتی مۆرینیۆ لە جامی شای ئیسپانیا لە بارسای بردەوە و لە کاتی زیادکراودا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد.
پاشان، کەتەلۆنیەکان لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، سەرکەوتنیان بەسەر لۆس بلانکۆس بەدەستهێنا و یاریی گەڕانەوەیان لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-0 بردەوە، لە یارییەکەدا پیپێی بەرگریکاری پۆرتوگالیی ریال مەدرید بە کارتی سوور دەرکرا. مۆرینیۆ رووداوەکەی بە 'سکانداڵ' ناوبرد.
لە یاریی گەڕانەوەدا هەردوو یانە یەکسانبوون و ئەوە بووە هۆکاری سەرکەوتنی بارسا بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە و بەدەستهێنانی نازناوەکە.
بارسێلۆنای فلیک
مۆرینیۆ ئەمساڵ، بەراورد بەماوەی یەکەمی مەشقدانی ریال مەدرید، ئارامتر و لەسەرخۆتر دەردەکەوێت، ستراتیجی کارکردنی خۆی لەگەڵ هەموواندا گۆڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا، کاتێک هەست بەناهەقی دەکات، سوپرایز و قسە تووندەکانی خۆی دەکات.
ئەو لە دوای شکستی تیپەکەی لە دێربیی مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ، کۆپیی چەند وێنەیەکی حاڵەتە مشتومڕهەڵگرەکانی پێشانی رۆژنامەڤاناندا و گوتی ئیدی ئێوە بڕیار بدەن. مۆ لە دوای ئەوە، لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال، پاشئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەکارتی سوور دەرکرا، رەتیکردەوە بچێتە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی و گوتی، ئەگەر بچوومایە، سزادەدرام.
کاتێک روو لە کامپ نو دەکەیت
هەندێک، پێیانوایە مۆرینیۆ ئەم تاکتیکانە بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی رەخنەگرەکانی سەرقاڵ بکات بەشتی دیکەوە و لەبیریان بباتەوە، گوشاری زیاتر لەسەر یاریزانەکانی دروست بکەن، لە کاتێکدا ئەوان ئاستیان باش نەبووە.
رەنگە مۆرینیۆ ئەگەر لە یارییەکەی کلاسیکۆدا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت، زیاتر سەرنجەکانی بخاتەوە سەر تۆپی پێ، بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت، دوورنییە دەرگای مشتومڕی گەورە لە ئیسپانیا، لەسەر زۆر بابەتی جیاواز، لەبارەی خولەکەوە بوروژێنێت.
ئەو، هاوشێوەی ماوەی یەکەمی کارکردنی لەگەڵ ریال، رووبەرووی بارسایەکی بەهێز بووەتەوە کە هەمووان پێیانوایە، ئەمساڵ گەیشتووەتە لووتکەی ئاستی خۆی و زۆر تۆقێنەرە. لە کلاسیکۆکانیشدا باڵادەستییەکی نیمچە رەهای پێشانداوە.
بارسێلۆنای فلیک، لە دوای هاتنی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییەوە بۆ کەتەلۆنیا، لە کۆی 7 یاریی بەرامبەر ریال مەدرید، 6 بردنەوەی بەدەستهێناوە و 22 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 11 گۆڵی لێکراوە.
مۆرینیۆ دووپاتیدەکاتەوە، بەماوەیەکی کەمی کارکردن لەگەڵ یاریزانەکانی، بتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی دەیخوازێت.
ئەو دەڵێ، کەمێک زیاتر لە 100 رۆژە لێرەم. دیارە ئێمە لەو شوێنەدا نین کە من دەمەوێت، بەڵام شتێک هەیە ئێستا لە پێشوو باشتر ئەنجامی دەدەین.
ریال مەدرید، چوار یاری رابردووی لە لالیگا و چامپیۆنزلیگدا بردووەتەوە، ئەوە ئومێدی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە، تیپەکە بەئاستێکی باشەوە لەسەر گۆڕەپانە کەتەلۆنییەکە دەربکەوێت.
ئەگەرچی مەدریدییەکان بەهۆی ئەنجامی چوار یاریی رابردووی تیپەکەیانەوە گەشبینتر لەسەرەتای وەرز دەردەکەون و کەتەلۆنییەکانیش، لەدوای یارییەکەی بارساوە کەمێک ترسیان لێ نیشتووە، بەڵام راستییەک لەو نێوانەدا هەیە، کە مۆرینیۆ خۆی بەرلەهەمووان دەیزانێت، بارسا زۆر سەقامگیرترە لە ریال مەدرید.




