رووداو دیجیتاڵ
جیهان بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەریککەوتنە تووندەکەی نێوان پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بارسێلۆنای ئیسپانی دەکات، یارییەک کە جیهان لەسەر ناونانی بە 'بەیەکگەیشتنی دوو باشترین تیپی ئێستای جیهان' هاوڕایە.
باخچەی شازادەکان، دەبێتە گۆڕەپانی ویستی گەورەی پاریسییەکان لەپێناو بردنەوە لە بارسێلۆنایەکی تۆقێنەر، کە هەمووان بەستایلی یارییکردنەکەی سەرسامن و پێیانوایە شکستپێهێنانی ئەستەمە.
یارییەکە شەوی سێشەممە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت. بارسا گەیشتووەتە پاریس و هەموو شتێک بۆ رووبەڕووبوونەوەکە ئامادەیە.
هەردوو یانە بە ژمارەیەکی پێوانەیی تەواوەوە دەچنە نێو ئەم رووبەڕووبوونەوە ئاگرینەوە، ریزبەندی چامپیۆنزلیگ لە پاش ئەنجامدانی دوو یاریی لەلایەن سەرجەم یانەکانەوە، دەریدەخات هەردوو یانە، دوو یاریی یەکەمی خۆیان بردووەتەوە، ئەوەی جیاوازە تەنیا ئەوەیە، پاریس گۆڵێکی لە بارسا زیاتر تۆمارکردووە.
بەر لە یارییەکە، پاریس لەسەرەتای هەفتەدا، ریمۆنتادایەکی ئاسانی بەسەر ستراسبۆرگدا کرد لە لیگ وەن و بەسێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێی بردەوە.
بارسا لە ئەندەلووسەوە، بەسەرکەوتنێکی گەورەوە بەسەر ریال بێتیس گەڕایەوە، ئەگەرچی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە، مشتومڕی زۆری بەدوادا هات.
خووە هەمیشەییەکەی بارسا
لەڕووی تاکتیکییەوە، بارسێلۆنا بەوپەڕی راستگۆییەوە لەگەڵ ستایلی یارییکردنی خۆی، لە هەنگاونان بەردەوامە. ستایلی کۆنترۆڵی تۆپ و بێبەشکردنی رکابەر لە تۆپ. بەڵام لە ستایلێکی نوێتردا کە پشت بەبونیادنانی هێرش دەبەستێت لە دواوە بەهێواشی.
ئامارەکان بە روونی فەلسەفەکەی بارسا دووپاتدەکەنەوە، تیپەکە لە هەردوو یاریی پێشووی چامپیۆنزلیگدا 70%ی کۆنترۆڵی تۆپی تێپەڕاندووە.
لە بەرامبەر فاینۆرد، بارسێلۆنا 72%ی کۆنتڕۆڵی تۆپی هەبوو، لەگەڵ 24 لێدان بۆ گۆڵی تیپی بەرامبەر. دۆخەکە لە ئیستەنبوڵ هاوشێوە بوو، کۆنترۆڵەکە گەیشتە 71 لەسەد و لێدانەکانیش ژمارەیان 22 لێدان بوو.
فەلسەفەی نوێی سانجێرمان
سانجێرمان لای خۆیەوە، شێوازێکی دیکە پەیڕەو دەکات، مامەڵە لەگەڵ ساتی یاریی و قۆستنەوەی هەلەکان، لە یارییەکەی مانچێستەر سیتیدا، زۆر بەڕوونی ئاشکرابوون.
لەو یارییەدا، سانجێرمان بەئاسانی رکابەرەکەی دووچاری شۆک و یارییەکی پێشبینینەکراو کرد. پاریس لە بەرامبەر سیتیدا، تەنیا 46 لەسەدی کۆنترۆڵی تۆپی لای خۆی هێشتەوە، لەگەڵ پشتبەستن بەپاشەکشە و بلۆک بەندیی هێڵی بەرگری و پشتبەستن بە هێرشی خێرا.
ئەو پلانە بە پلەی یەکەم، پشتی بە رێگادان بە سیتی بەستبوو، بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆپ و قۆستنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە تیپەکە بەجێیدەهێشت، کە لەگەڵیدا یاریزانەکانی سانجێرمان، بەرەو بۆشاییەکان رایاندەکرد. ئەم تاکتیکە کارایییەکی ترسناکی هێرشبەریی بەدەستهێنا، لە ئەنجامدا چوار گۆڵی تۆمارکرد.
تارمایی وەرزی رابردوو
رەنگە سەرنجڕاکێشترین لایەنی یارییەکەی رۆژی سێشەممە، دووبارەبوونەوەی سیناریۆی دوایینجار بێت کە ئەم دوو تیپە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەیەکگەیشتن.
لەو یارییەدا بارسێلۆنا بەهۆی پشتبەستنیان بە هێڵی بەرگری بەرز کێشەی زۆری هەبوو. لە خولەکی 90دا باجێکی گرانبەهایدا، کاتێک ئەشرەف حەکیمی بۆشایی پشتی بەرگری قۆستەوە و گۆنچالۆ رامۆسی دۆزییەوە کە گۆڵی سەرکەوتنی بۆ پاریسییەکان تۆمارکرد.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکەی سێشەممەی پاریسدا، پرسیاری زەق ئەوەیە کە ئایا لویس ئێنریکێ پەنادەباتەوە بەر پەستانی بەرز بەرامبەر بارسێلۆنا؟ یان جارێکی دیکە رێگا ئارامەکە هەڵدەبژێرێت و کۆنترۆڵی تۆپیان بۆ بەجێدەهێڵێت، لەپێناو دۆزینەوەی بۆشایی لە پشتی بەرگریکارەکانی بارساوە؟
ئازادبوونی لامین
پاریس سانجێرمان لە یارییەکەدا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێتەوە، لەپێناو راگرتنی لامین یامالی ئەستێرە لاوە درەوشاوەکەی بارسا.
نونۆ مێندێش یاریی ناکات و ئەوەش ئازادییەکی زۆر بۆ لامین یامال دەستەبەردەکات، کە لە رووبەڕووبوونەوەکانی پێشووی لەگەڵ ئەو بەرگریکارە رووبەڕووی کێشەی زۆر دەبووەوە.
ئینریکێ ناچارە یان لوکاس دینی، یانی لوکاس هێرناندێز لە باڵی بەرگری چەپی تیپەکەیدا یاریی پێبکات، پرسیار ئەوەیە هیچکام لەو دوو یاریزانە، توانای راگرتنی یامالیان هەیە؟
کێشەی کوندێ و گارسیا
بارسا لە هێڵی پشتەوە بەدەست نەبوونی کوندێ و گارسیاوە دەناڵێنێت، بژاردەکانی بەرگری فلیک سنووردار دەبن. هەندێک سەرچاوەی میدیایی دەڵێن، رۆدری ئەو یاریزانە دەبێت کە لە دڵی بەرگریدا، لەپاڵ کوبارسی دەبێت.
بەڵام ئەو بژاردەیە، لەوانەیە لە ناوەڕاستی یاریگادا کێشە بۆ بارسا دروست بکات، چونکە گەڕانەوەی رۆدری بۆ پشتەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر باڵادەستی هێڵی ناوەڕاستی بەرسا دروستدەکات، بەڵام دەکرێت چارەسەرێکی پێویست بێت بۆ زاڵبوون بەسەر هێرشە خێراکانی پاریس سانجێرمان.




