رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بەرامبەر موسڵ تووشی شکست هات، لە بەرامبەردا یانەی گازی باکوور سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوی بەدەستهێنا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی زەورای بردەوە.
لە یاریی یەکەمدا یانەی هەولێر میواندای یانەی موسڵی کرد، لە گێمی یەکەمدا هەوڵی هەردوولا بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بەڵام لە گێمی دووەم و لە خولەکی 68 یوسف ئوسامە تاکە گۆڵی یارییەکەی بە کارامەییەکەی تاکەکەسی بۆ موسڵ تۆمارکرد، بەمەش زەردپۆشەکان نەیانتوانی ئەنجامەکە بگۆڕن و بە دۆڕانی 0-1 یاریگایان جێهێشت.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەدا، یانەی گازی باکوور لە یاریگای نەورۆزدا بووە میوانداریی یانەی زەورای کردو توانی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لە خولەکی 18 موجتەبا عەلی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ گازی باکوور تۆمارکرد، بەرگریکارانی تیپەکەش توانییان تاوەکو فیکەی کۆتایی پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن و بردنەوەی 1-0 بەسەر یانەی زاورادا مسۆگەر بکەن.
بەم ئەنجامەش هەولێر بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی مایەوە و گازی باکوور بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبینرێت

.png&w=3840&q=75)


