رووداو دیجیتاڵ
چیا ئەمین، سەرۆکی یانەی زاخۆ، پەیامێکی لەبارەی ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەوەی بە زاخۆ رازی نییە، دەرگا کراوەیە و بابڕوات."
سەرۆکی یانەی زاخۆ، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لەسەر پەیجە فەرمییەکانی یانەی زاخۆ بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لە یانەی زاخۆ ئامانجی ئێمە ئەوە بووە، تیپێکی رکابەر دروستبکەین بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکەین، بۆ ئەو ئامانجەش گرێبەستمان لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیار کردووە، بەڵام ئەنجامەکان بە دڵی ئێمە نین."
چیا ئەمین، لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، سزادانی یاریزانانی یانەکە بەلێبڕینی رێژەی 15٪ـی مووچەکانیان هاوشێوەی مانگی رابردوو بەردەوامدەبێت و دەڵێت "ئەو یاریزانەی بە یانەی زاخۆ رازی نییە، دەرگای ئێمە کراوەیە و بابڕوات."
جگە لەوەش سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی "لە قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بەشێکی ئەو یاریزانانەی ئێستا لە تیپەکە یاریی دەکەن، بەڕێیان دەکەین و شوێنەکانیان بە یاریزانانی گونجاو پڕدەکەینەوە."
چیا ئەمین، سەرۆکی یانەی زاخۆ، لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی "ئێمە پێمانوایە بەبێ هاندەرانمان ناتوانین سەرکەوتوو بین، بۆیە داوا لە هاندەرانمان دەکەین یاریی بەرامبەر یانەی هەولێر وەکو یەکەم یاریی هەژماربکەن و پاڵپشتیی تیپەکە بکەن، دڵنیابن تیپەکە دەگەڕێتەوە و دەتوانێت رکابەری لەسەر نازناوەکان بکات."
ئەم پەیامەی سەرۆکی یانەی زاخۆ لەکاتێکدایە، یانەکە سێ یارییە لەسەریەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لەم وەرزەدا دوای 10 گەڕ 5 یاریی لە خولەکەدا دۆڕاندووە و ئەمەش هاندەرانی یانەکەی بەتەواوی نیگەرانکردووە.



