رووداو دیجیتاڵ
فاکوندۆ بێرناڵی یاریزانی یانەی ریال بێتیس لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا داوای لێبوردنی کرد، دوای ئەوەی لە خولەکی 54 دوو جار لە لامین یامال دا.
ریال بێتیس لە یاریگای لاکارتۆخا بەئەنجامی 2-5 بە بارسێلۆنا دۆڕا، لە یارییەکدا کە کەشی بەهۆی بڕیارە مشتومڕاوییەکانی ناوبژیوانانەوە تێکچوو، لەوانە بەرزکردنەوەی کارتێکی سوور و رەتکردنەوەی گۆڵێک بۆ یانەی ئەندەلووسی.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە، بێرناڵ لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا نووسیویەتی "دەمەوێت داوای لێبوردن لە هاوڕێکانم و هاندەرانی ریال بێتیس بکەم، کە ئەمڕۆ لەگەڵ 10 پیاودا تیپەکەیان جێهێشتووە، من راهاتووم بەو شێوەیە کاردانەوەم هەبێت، دەبوو لەو ساتەدا خۆم کۆنتڕۆڵ بکەم، بەرپرسیارێتی دەگرمە ئەستۆ، و دووبارە نابێتەوە".
بەگوێرەی راپۆرتی یارییەکە، بێرناڵ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو یاریزانەدا، دووجار ملی یامالی گرتووە و دووجار سەری لە دەموچاوی داوە، لەکاتێکدا تۆپەکە لە یارییەکەدا نەبووە. ناوبژیوان ریکاردۆ دی بورگۆس کارتی سووری بە بێرناڵ دا، یامالیش کارتی زەردی وەرگرت.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە، رووداوەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە فێرمین لۆپێز پێش گۆڵەکەی عەبدولسەمەد زەلزولی کەوتە سەر زەوی، کاتێک لامین دەستوەردانی کرد بۆ بەرگریکردن لە هاوڕێکەی پێش ئەوەی ببێتە قوربانی هێرشی بێرناڵ.
هەروەها راپۆرتەکە لە زاری هیکتۆر بێێرینی یاریزانی ریال بێتیسەوە پشتڕاستی کردەوە کە بێرناڵ لە ژووری جلگۆڕیندا داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی کردووە و دەڵێت "متمانەیەکی تەواو لە نێوانماندا هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵە و سەرکەوتنەکان، هەموومان هەڵە دەکەین، و دەبێت لە یاریی داهاتوودا ئەمە بە بیرێکی فێنکەوە راست بکەینەوە و ئەو وزەیە پیشان بدەین کە ئەم تیپە خاوەنییەتی".




