رووداو دیجیتاڵ
لویس هینریکێ، پارێزەری خۆرخێ جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دەستیلەکارکێشایەوە و هێرشی تووندی کردە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
لە پێشهاتێکی پێشتر نەبینراودا لەبارەی تەنگژەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و کێشەی نێوان راهێنەری هەڵبژاردەکە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پارێزەرەکەی جیسوس، کە هاوکات نووسەربووە لە رۆژنامەی 'ریکۆرد' کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یەکێکە لە خاوەنەکانی، پاش دەستلەکارکێشانەوە لە رۆژنامەکە، هێرشی تووندی کردە سەر کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و گوتی، "ئەفسانەکان لە کۆتاییدا بەتەنیا دەمێننەوە و تەنیا خۆیان لە ئاوێنەکانی چوادەوریاندا دەبیننەوە".
هینریکێ لە دوایین وتاری خۆیدا لە رۆژنامەکە، کە لە ژێر ناوی 'دوایین سەمامدا' بڵاوی کردووەتەوە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە رۆژنامەکە راگەیاند، بیانووی بەوە هێنایەوە کە "رۆناڵدۆ یەکێکە لە خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای میدیا لیڤەر، کە خاوەنی رۆژنامەکەیە".
پارێزەرەکە لە وتارەکەیدا دەڵێ، "هەندێک وتار بەدڵ دەنووسرێن، هەندێکی دیکەیان بەویژدان، ئەوەی ئێستای من سەر بە دووەمیانە، دوایەمین وتاری منیشە، بەبێئەوەی لەلایەن کەسەوە بەسەرمدا سەرپێنرابێت، بەڵکو بڕیارێکی کەسییە و ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە کە رۆناڵدۆ، خاوەنی ئەو کۆمپانیایە کە رۆژنامەکەم دەردەکات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لەبەرئەوەی ململانێیەکی کراوە لە نێوان کاپتن (رۆناڵدۆ) و جیسوسدا هەیە و ئەوەش ململانێیە منیش دەگرێتەوە، جێگای شەرم دەبێت ئەگەر بەردەوام بم لە پارە وەرگرتن لە دامەزراوەیەک، کە رۆناڵدۆ خاوەنیەتی".
هینریکێ، دەڵێ، "هیچ سەربەخۆییەکی هزری بەبێ سەربەخۆیی دارایی بوونی نییە، ئەوەی رەخنە لە دەسەڵات بگرێت، ناتوانێت لە رووی داراییەوە پشتی پێببەستێت. ئازادی ئەو کاتە بەرجەستە دەبێت کە تیچووەکەی هیچ نەبێت، ئەوە پێی دەگوترێ ئارامی، منیش هیچ کات بەپاڵنەری ئارامی نەمنوسیوە".
هینریکێ، لە کۆتایی وتارەکەیدا پەیامێکی راستەوخۆی بۆ رۆناڵدۆ ناردووە و دەڵێ، "بەشێکی زۆری ئەوەی بۆخۆت، خێزانەکەت و وڵاتەکەی بەدەستتهێنا، بەرگریمان لێیکرد و پەسنماندا، بیری ئەوانەشمان خستەوە کە لەبیریان کردبوو".
بەڵام دەڵێ، "بەڵام تۆ بە کارەکانت، هەڵسوکەوتەکانت و سەرمەستیت بەهەندێک ژمارەوە، ئەوەت بەدەستهێنا کە هیچ رکابەرێکت بەدەستی نەهێناوە، ئەویش بریتیبوو لەوەی هەموو ئەو باشییانەمان لەبیرببەیتەوە کە بەدەستتهێنابوون".
پارێزەرەکە بە رۆناڵدۆ دەڵێ، "تۆ ئەو کەسانەت لە چواردەوری خۆت کۆکردووەتەوە، کە حەزدەکەی گوێت لێیان بێت، نەک ئەو کەسانەی پێویستە ئەوەت پێ بڵێن، کە پێویستە بیبیستیت".
لە کۆتایی وتارەکەشیدا دەڵێ، "ئەمە چارەنووسی هەموو ئەفسانەکانە، لە کۆتاییدا بەتەنیا لەسەر لووتکەکە دەمێننەوە، کەسیان لەگەڵ نییە و تەنیا تەماشای ئاوێنەکانی چواردەوریان دەکەن".
لە گەڕی پێشووی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەتووڕەییەوە لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی پۆرتوگال کشایەوە، دواتر لە پەیامێکدا وێڕای داوای لێبوردن، ئاشکرایکرد خیسوس کۆمەڵێك بەڵێنی پێداوە، بەڵام بەڵێنەکانی خۆی نەبردووەتە سەر، هەربۆیە کەمپەکەی بەجێهێشتووە.




