رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی پڕ گۆڵ و دراماتیکیدا، یانەی هەولێر لە گەڕی یەکەمی یانەکانی کەنداو بە چوار گۆڵ بەرامبەر پێنج گۆڵ بەرامبەر یانەی عەجمانی ئیماراتی دووچاری شکست هات.
لەم رووبەڕووبوونەوە پڕ لە جۆش و خرۆشەدا لەسەر یاریگەی راشد بن سەعید لە ئیمارات، یاریزانانی هەولێر دەستپێشخەرییان کرد و لە خولەکی 14 میولێنی بەرازیلی گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد. لە خولەکی 19 ڤیکتۆر هێنریک ئەنجامەکەی بۆ عەجمان یەکسانکردەوە، بەڵام تەنیا خولەکێک دواتر عامر جاموس هەولێری پێشخستەوە و پاشان لە خولەکی 25 میولێن گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەولێری تۆمارکرد. پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم لە خولەکی 37 هێنریک جیاوازییەکەی بۆ عەجمان کەمکردەوە و ئەو گێمە بە ئەنجامی 3-2 بۆ هەولێر کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا سیناریۆ شێتانەکەی یارییەکە بەردەوام بوو؛ لە خولەکی 59 وەلید ئازارۆ گۆڵی یەکسانبوونی بۆ عەجمان تۆمارکرد. لە خولەکی 66 ئیفیانی ئیزێ گۆڵی چوارەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد، بەڵام لە هەمان خولەکدا بیلال یوسف ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە کردەوە 4-4. لە خولەکی 73 ڤیکتۆر هێنریک بە تۆمارکردنی هاتریک گۆڵی پێنجەمی عەجمانی بە لێدانی سزا تۆمارکرد و یارییەکە بە بردنەوەی یانە ئیماراتییەکە بە ئەنجامی 5-4 کۆتاییهات.
بەم ئەنجامە، یانەی عەجمان یەکەم سێ خاڵی لە کۆمەڵەی سێیەم بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هەولێر بەبێ خاڵ مایەوە. یانەی هەولێر لە یاریی داهاتوودا لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداری یانەی ئیتیفاقی سعودی دەکات، بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە و رکابەریکردن بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.


