رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی یەختێکی گەورەی بەناوی 'ئولتیما 88' بۆ کۆمەڵەی بەلەمەکانی 'میم ئۆشن' زیادکرد. بەهای ئەم یەختە 10.4 ملیۆن دۆلارە و لە کارگەی کەشتیوانی سونرێف لە شاری رەئس ئەلخەیمە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دروست دەکرێت.
ئەم هەنگاوە تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی رۆڵی ئیمارات لە پیشەسازییەکانی یەختی گەورە و دەریایی. دیزاینی یەختەکە تایبەتمەندی و فراوانی و چەندین چالاکیی دەریایی تێکەڵ کردووە. لەگەڵ تەواوبوونیدا، پەیوەندی بە کۆمەڵە یەختەکانی مێسییەوە دەکات، کە بنکەکەی لە دوورگەکانی بالیاریکی ئیسپانیایە.
بەرهەمهێنەری یەختەکە روونیکردەوە کە هێشتا یەختەکە لە قۆناخی دروستکردندایە. درێژییەکەی نزیکەی 26.8 مەتر دەبێت و بە دوو بزوێنەری هێزی 1000 ئەسپ کاردەکات، بۆ ئەوەی کۆی گشتی توانای بەرهەمهێنانی 2000 ئەسپە.
دیزاینی یەختەکە ناوەوەی لەگەڵ شوێنی دەرەوەی تایبەت بۆ پشوودان و وەرزشی ئاوی تێکەڵ کردووە. چوار کابینەی میوانان و سویتێکی ماستەر بەتەواوی پان و ئۆشن لاونجێکی تێدایە کە میوانەکان لەڕووی ئاوەکە نزیک دەکاتەوە.
هەروەها یەختەکە گەراجێکی تایبەتی لەخۆدەگرێت، کە دەستگەیشتن بە ئامێرەکانی وەرزشی ئاوی بەئاسانی دابین دەکات. جگە لەوەش شوێنێکی پشوودانی فراوانی هەیە، لەگەڵ سەقفێکی گەورەی سەرەوە کە شوێنێک بۆ کات بەسەربردن و لەشجوانی و بەسادەیی چێژوەرگرتن لە دەرەوە پێشکەش دەکات.
بەرهەمهێنەری یەختەکە بە پەیامی "بەخێربێن بۆ خێزانی سانرێڤ" پێشوازی لە مێسی کرد. فرانسیس لاپ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، بڕیارەکەی مێسی بۆ پەیوەندیکردن بەو براندە، رەنگدانەوەی دیدگای کۆمپانیاکە، کە پەیوەندی بە تایبەتمەندی و کۆنترۆڵکردنی چۆنیەتی بەسەربردنی کاتەکانی خەڵکەوە هەیە.
مێسی لە لێدوانێکدا دەڵێت "پەیوەندیکردن بە خێزانی سانرێڤەوە خۆشحاڵییەکی راستەقینەیە، من و خێزانەکەم هەمیشە زۆرمان حەز لەوەیە لە دەریادا کات بەسەربەرین هەرکاتێک دەرفەتێکمان بۆ رەخسا".
لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی بەوە ناسراوە کە بەشێکی کاتەکانی لە دەریادا لەگەڵ خێزانەکەی بەسەردەبات. چاوەڕوان دەکرێت یەختەکە ساتەکانی تایبەتی زیاتری لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵە بچووکەکانی بۆ دابین بکات، ئەمەش رێگەی پێدەدات چێژ لە رۆژانی نایاب وەربگرێت دوور لە وشکانی.



