رووداو دیجیتاڵ
پۆل پۆگبا لە دەرەوەی ئەورووپا بەدوای دەرفەتێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ رزگارکردنی داهاتووی وەرزشیی خۆی، کە دوای زنجیرەیەک پاشەکشە ماوەی جەند ساڵێک لە یاریگاکان دوورکەوتەوە. لیۆنێک مێسی دەکرێت ببێتە رزگارکەری ئەو ئەستێرە فەرەنسییە.
لەکاتێکدا بەردەوامە لە گەڕان بەدوای یانەیەکدا کە چانسی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان پێشکەشی بکات، خولی گەورەی ئەمریکا MLS وەک شوێنێکی ئەگەری بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە، براوەی مۆندیالی 2018 دەرکەوتووە و دەکرێت لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی ببێتە کلیلی رزگارکردنی پۆگبا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فوت مێرکاتۆی فەرەنسی، بەپشتبەستن بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، پۆگبای تەمەن 33 ساڵ لە مانگی ئابی رابردووەوە پێشکەشی چەندین یانەی ئێم ئێڵ ئێس کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ئاڵنگارییەکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی ژیانی وەرزشی. پێناچێت گواستنەوەی بۆ خولی پیشەگەری سعودیە بژاردەیەکی بەهێز بێت.
یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتد و یوڤێنتوس پەیوەندی بە چەندین یانەی ئەمریکییەوە کردووە، دیارترینیان دی سی یونایتد، ئینتەر میامی (ئەو یانەیەی لیۆنێل مێسی یاری بۆ دەکات) و نیویۆرک سیتی ئێف سییە. بەڵام بەپێی راپۆرتەکە، تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێکی فەرمی لەگەڵ هیچ کام لەو یانانە ئەنجام نەدراوە، بەڵآم دەکرێت مێسی ببێتە هۆکاری بردنی بۆ ئینتەرمەیامی، چونکە لەو یانەیە گوێ لە دەنگی مێسی دەگیرێت.
پۆگبا لەم هاوینەدا کۆتایی بە گرێبەستەکەی لەگەڵ مۆناکۆ هێنا، دوای ئەوەی تەنیا شەش یاری لەگەڵ یانەکەی ئەنجامدا، بووە یاریزانێکی ئازاد و توانای ئەوەی هەیە شوێنی داهاتووی خۆی هەڵبژێرێت.
دوای گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان پاش کەمکردنەوەی سزادانەکەی بەهۆی ماددە هۆشبەرەکان، ئەستێرە فەرەنسییەکە دەرفەتێکی نوێی بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی فۆرمی خۆی بدۆزێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ رکابەرییەکانی ئاسایی.




