رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی یانەی دهۆک بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک مەشقەکانیان ئەنجامنەدا و مەترسییەکی گەورە لەسەر یانەکەیە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، یاریزانانی یانەی دهۆک بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک ئامادەنەبوون مەشقەکانیان ئەنجامبدەن و لە بایکۆتکردنی مەشق و راهێنانەکانیان بەردەوامدەبن و داوای ماف و شایستە داراییەکانیان دەکەن.
بەهۆی پێنەدانی مووچەی هەردوو مانگی 9 و 10 یاریزانانی یانەی دهۆک بڕیارییانداوە بایکۆتی مەشقەکانیان بکەن، جگە لەوەش بەشێکی یاریزانەکانی یانەکە پێشەکی گرێبەستەکانیان وەرنەگرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، جاسم حاجی، بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک ئەمڕۆ نامەیەکی لە گرووپی واتس ئاپی تایبەتی یاریزانانی یانەکە ناردووە، بۆ ئەوەی کاژێر 12:30 مەشقەکانیان دەستپێبکەن، بەڵام بەیار ئەبوبەکر، کاپتنی یانەکە پەیوەندیی بە یانەی دهۆکەوە کردووە و پێی راگەیاندوون، یاریزانەکان ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ راهێنانەکان.
دوای زیاتر لە کاژێرێک کۆبوونەوەی نێوان یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک، هیچ چارەسەرێک نەدۆزرایەوە، بەمەش یاریزانەکان ئامادەنەبوون مەشقەکانیان ئەنجامبدەن و بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک لە بایکۆتکردنی مەشقەکانیان بەردەوامبوون.
یانەی دهۆک رۆژی پێنجشەممە یاریی بەرامبەر یانەی موسڵ هەیە، یانەکە دوو رۆژە لەسەریەک هیچ مەشق و راهێنانێکی نەکردووە، یاریزانانی یانەکەش دەڵێن، دوای بردنەوەمان لە یانەی زەورا بەڵێنی ئەوەمان پێدرا کە مووچەکانمان بۆ خەرج بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵێنێک نەکراوەتە کردار و ناتوانین بەمشێوەیە بەردەوامبین.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی کێشەی دارایی یانەکە و نەدانی مافی یاریزانان، بەتایبەت ئەگەر ببێتە سێ مانگ، یاریزانانی یانەکە دەستکراوە دەبن لەوەی سکاڵا لەسەر یانەی دهۆک تۆماربکەن و ئەوکاتە ئەگەری هەیە یانەکە لە گواستنەوەی یاریزانان بێبەش بکرێت و سزابدرێت.




