رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ بەبێ ئامادەبوونی دوو یاریزانی دوایین مەشقەکانی بۆ دووەم یاریی لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی ئەورووپی ئامادەیە.
ئارسیناڵ لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی لیلی فەرەنسی دەکات و دەیەوێت بردنەوەی دووەم لەسەریەک تۆماربکات، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ناپۆلی بەدەستهێنا.
لە دوایین مەشقەکانی یانە لەندەنییەکەدا، پیێرۆ هینکاپێ و مارتن زۆبیمێندی بەهۆی پێکانەوە بەشدارییان نەکرد و لە یارییەکەدا بەشداری ناکەن، کریستۆس تزۆلیس بەهەمان شێوە پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام ویلیام سالیبا دەستی بە مەشق و راهێنان کردووە و لەگەڵ تیپەکە راهێنان دەکات.
ئارسیناڵ پێش هیچ ئەزموونێکی بەرامبەر یانە فەرەنسییەکە نەبووە و ئەمە یەکەم یاریی نێوان هەردوو تیپە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دریژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
لیل یاریی یەکەمی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر ریال بێتیس دۆڕاندووە و چاوی لەوەیە لە دەرەوەی یاریگای خۆی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن بکات، بەڵام ئەرکی زەحمەتە.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "ئێمە رکابەرێکی سەختمان دەبێت، ئەوان زۆر زۆر باشن و داڤیدی ئەنچێلۆتی کاری باشی کردووە، ئەوان رکابەری دەکەن و دەتوانن کێشەی گەورە بۆ رکابەرەکانیان دروستبکەن، بۆیە یارییەکە جیاواز نابێت تاوەکو ئامادەنەبین."
لیل لەژێر سەرپەرشتی داڤیدی ئەنچێلۆتی، لەم وەرزەی خولی فەرەنسادا، 6 یاریی کردووە، 4 یاریی بردووەتەوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و یارییەکی دۆڕاندووە، ئەوان ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ناوخۆن و دەیانەوێت لە یاریگای خۆیان بردنەوەیەکی ئەورووپی تۆماربکەن.




