رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەسەرکردایەتیی لامین یامال لە ئیستەنبووڵە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی ئەورووپا تۆمار بکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی گاڵاتەسەرای تورکی یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگای رامس پارک بەڕێوەدەچێت و لە یاریگاکەدا شوێنی 52 هەزار و 600 هاندەر دەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت پڕببێت لە هاندەر.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، شاندی یانە ئیسپانییەکە لە کەتەلۆنیاوە گەیشتە تورکیا و دوای وەرگرتنی پشوویەکی کەم، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگای یارییەکە ئەنجامدا.
بارسا بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، لەسەرەتای ئەم وەرزەوە تاوەکو ئێستا 8 یاریی لە لالیگا و یارییەکی لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامداوە و سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە، لە هیچ یارییەکیشدا دوو گۆڵ کەمتری نەکردووە و تیپێکی هێرشبەریی زۆر بەهێزی هەیە.
بلاوگرانا لە یاریی یەکەمی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 5-1 لە فاینۆردی هۆڵەندیی بردەوە، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی یانەکەیە لە دەرەوەی یاریگای خۆی و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
لە یارییەکەی ئەمشەوی ئیستەنبووڵدا، رافینیا و فرێنکی دی یۆنگ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام بارسا یاریزانی پێویستی هەیە و تیپەکە بەسەرکردایەتیی لامین یامال ئامادەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
گاڵاتەسەرای پێشەنگی ریزبەندی خولی تورکیایە، لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ یارییەکی دۆڕاندووە و لە چامپیۆنزلیگیشدا یاریی یەکەمی بە سپۆرتینگ لیسبۆنەی پۆرتوگالی دۆڕاند، بۆیە ئەمشەو دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشتری لەوەی یاریی یەکەمی هەبێت.
گاڵاتەسەرای بۆ بارسێلۆنا رکابەرێکی نوێ نییە، پێشتر 10 جار هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، بارسێلۆنا 6 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، تەنیا 1 یاریی دۆڕاندووە و لە سێ یارییدا یەکسانبوون.
یارییەکە بۆ ئیلکای گوندۆگان تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت، بەوپێیەی ئێستا یاریزانی یانەی گاڵاتەسەرایە و بەرامبەر یانەی پێشووی یاریی دەکات.




