رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم وێستگەی دوای راوەستانی نێودەوڵەتی، یانەی شاهانە توانی لە هەشتەمین هەفتەی خولی ئیسپانیادا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر شکست بە یانەی ڤیاڕیال بهێنێت.
نیوەی یەکەمی یارییەکە هاوسەنگییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و سەرەڕای دروستکردنی چەندین دەرفەتی مەترسیدار، بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. لە گێمی دووەمدا، یان دیۆماندێ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، دواتریش ڤینی جۆنیۆر گۆڵی دووەمی هەژاند، بەڵام ناوبژیوان دیاز دێ مێرا، دوای راوێژکردن لەگەڵ ئالێخاندرۆ موڕنێز لە ژووری ڤار (VAR)، گۆڵەکەی رەتکردەوە و بە کارتی سوور بەهۆی سەرپێچیی پێشوەختە بەرامبەر سالیبا کردە دەرەوەی یاریگا.
یەکەم مەترسیی راستەقینە لە خولەکی حەوتەمدا لە رێگەی کیلیان ئێمباپێوە بوو، کاتێک پاسێکی نایابی لە کارێراسەوە پێگەیشت و بە لێدانێکی بەهێز تۆپەکەی دا لە ستوونی گۆڵ. 15 خولەک دواتر، ئێمباپێ دەرفەتێکی دیکەی زێڕینی لەدەستدا دوای پاسە درێژ و سەرسوڕهێنەرەکەی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، یارییەکە لە ناوەڕاستی یاریگاوە هاوسەنگ بوو، بەڵام مەترسییەکان تەنیا هی ریال مەدرید بوون.
لە خولەکی 62 فێدیریکۆ ڤالڤێردی بە پاسێکی ئاڵتونی ئاراستەی یان دیۆماندێ کرد، ئەویش بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد. سەرەڕای ئەوەی یاریدەدەری ناوبژیوان ئاڵای ئۆفسایدی بەرزکردەوە، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار (VAR) گۆڵەکە هەژمارکرا و یاریزانە کۆتدیڤوارەکە یەکەم گۆڵی فەرمیی خۆی بە درێسی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد.
نۆ خولەک دوای گۆڵی یەکەم، ڤینی جۆنیۆر دوای راکردنێکی بەهێزی جود بێلینگهام گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بەڵام گۆڵەکە دوای پێداچوونەوەی ڤار رەتکرایەوە. لە سەرەتای روودانی هێرشەکەدا، یاریزانە بەرازیلییەکە قژی سالیبای راکێشابوو، بەمەش دیاز دێ مێڕای ناوبژیوان راستەوخۆ کارتی سووری بەرزکردەوە.
میوانەکان هەوڵیاندا سوود لە کەمیی ژمارەی یاریزانانی ریال مەدرید وەربگرن، بەڵام کۆرتوا لە خولەکی 77 رووبەڕووی لێدانەکەی رۆمێرۆ بووەوە و گۆڵەکەی پاراست.
خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە ئاڵۆزی و گەرموگوڕیی زۆری بەخۆیەوە بینی؛ ناوبژیوان کارتی زەردی رووبەڕووی کۆناتێ، رودیگێر، چوامێنی و ئێمباپێ کردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ریال مەدرید توانی هەرسێ خاڵی یارییەکە لە ناو یاریگەی خۆیدا بهێڵێتەوە.




