رووداو دیجیتاڵ
خشتەی فەرمیی یارییەکانی یانەی هەولێر لە جامی کەنداو بۆ وەرزی 2026/2027 بڵاوکرایەوە، کە تێیدا نوێنەرەکەی کوردستان لە کۆمەڵەی سێیەم لەگەڵ یانەکانی ئیتیفاقی سعودی، عەجمانی ئیماراتی و کازمەی کوێتی کێبڕکێ دەکات.
بەپێی خشتەی راگەیێنراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو، یانەی هەولێر لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا شەش یاری ئەنجام دەدات کە سێ یارییان لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری دەبێت. زەردپۆشەکان لە دەستپێکی کاروانەکەیاندا رۆژی 14ـی مانگی 10ـی 2026 لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بەرامبەر یانەی عەجمان یاری دەکەن.
خشتەی یارییەکانی یانەی هەولێر لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەمشێوەیە دەبێت:
- گەڕی 1: عەجمان - هەولێر | 14ـی مانگی 10ـی 2026 لەسەر یاریگەی راشد بن سەعید لە ئیمارات.
- گەڕی 2: هەولێر - ئیتیفاق | 28ـی مانگی 10ـی 2026 لەسەر یاریگەی فرانسۆ حەریری لە هەولێر.
- گەڕی 3: هەولێر - کازمە | 4ـی مانگی 11ـی 2026 لەسەر یاریگەی فرانسۆ حەریری لە هەولێر.
- گەڕی 4: کازمە - هەولێر | 25ـی مانگی 11ـی 2026 لەسەر یاریگەی سەداقە و سەلام لە کوێت.
- گەڕی 5: هەولێر - عەجمان | 8ـی مانگی 12ـی 2026 لەسەر یاریگەی فرانسۆ حەریری لە هەولێر.
- گەڕی 6: ئیتیفاق - هەولێر | 17ـی مانگی 2ـی 2027 لەسەر یاریگەی یانەی ئیتیفاق لە سعودیە.
بەپێی سیستمی پاڵەوانێتییەکە، یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان لەگەڵ دوو باشترین سێیەمی سەرجەم کۆمەڵەکان سەردەکەون بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی، هەروەها یانەی هەولێریش دەیەوێت بە پشتبەستن بە یاریگەی خۆی و جەماوەرەکەی، سەرکەوتن بۆ قۆناخی دواتر مسۆگەر بکات.




