رووداو دیجیتاڵ یانەی ئامەدسپۆر کە پێشەنگی خولی یانە پلە نایابەکانی تورکیایە، رۆژی شەممە 10-10-2026 لە ئەنقەرە دەبێتە میوانی یانەی (گەنچلەربیرلیغی). هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان ناڕازین لەوەی فرۆشی بلیت بۆ یانەکەی ئەنقەرە کراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان ناتوانن بیکڕن. بەر لە یاریی نێوان ئامەدسپۆر و گەنچلەربیرلیغی لە گەڕی حەوتەمی سوپەرلیگ، بلیتەکانی یارییەکە خرانە بازاڕەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی یانەی گەنچلەربیرلیغی، نرخی بلیتەکانی یارییەکە بە گوێرەی شوێنی یاریگە لە 750 لیرە (15 دۆلار)ـەوە دەستپێدەکات و بەرزترینی 5000 لیرە (نزیکەی 100 دۆلار)ـە. بلیتەکانی هاندەرانی ئامەدسپۆر هێشتا نەخراونەتە بازاڕەوە. لە کاتێکدا نرخی بلیتی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە پلیکانەکانی تایبەت بە میوان بە 975 لیرە (نزیکەی 20 دۆلار) دیاری کراوە، بەڵام هێشتا بلیتەکان نەخراونەتە بازاڕەوە. تاوەکو ئێستا کاتی خستنە رووی بلیتەکانی هاندەرانی میوان روون نەبووەتەوە، ئەمە ناڕەزایی هاندەرانی ئامەدسپۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. کێشەی پێکان لە یانەی گەنچلەربیرلیغی، یانەکەی پایتەختی تورکیای تووشی شڵەژان کردووە. پێشبینی دەکرێت ئاداما تراورێ کە لە یاریی بەرامبەر باشاکشەهیر تووشی پێکان بوو و ئەم وەرزە لە شەش یاریدا بەشداریی کردبوو، نزیکەی سێ هەفتە لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە. هەروەها ئۆغوڵجان ئولگون، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی گەنچلەربیرلیغی کە ئەم وەرزە لە شەش یاریدا بەشداریی کردووە، بەهۆی پێکان لە کاتی مەشق و راهێنانەکاندا ناتوانێت لە یارییەکەی بەرامبەر ئامەدسپۆر یاری بکات. هاوکات پێکانی تیدیان نیاس و کێڤن رۆدریگێز بەردەوامە و ئەم یارییەش ناتوانن بەشداری بکەن. ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە شەش یاریدا یەکەمی خولی پلە نایابی تورکیایە و بە جیاوازیی گۆڵ لە پێش گاڵاتاسارایە کە ئەویش 13 خاڵی کۆکردووەتەوە. یانەکانی بێشکتاش و کۆجائەلیسپۆر بە 12 خاڵ پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە. یانەی یەکێتیی گەنجان کە نوێنەرایەتیی ئەنقەرە دەکات، لە شەش یاریدا حەوت خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی 13ـیەیە.