رووداو دیجیتاڵ
هەژار سابیر، راهێنەری پێشووی یانەی ئاکرێ، دوای دوو وەرز دابڕان دەگەڕێتەوە کاری راهێنەرایەتی، بەڵام ئەزموونی داهاتووی دیار نییە.
هەژار سابیر، لە لێدوانێکیدا بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "نامەوێت سەرپەرشتیی تیپێک بکەم کە تەنیا 600 هەزار بداتە یاریزانەکانی، من ئەگەر تیپێک وەرگرم، دەبێت تیپی رکابەریی بێت و دەمەوێت لە بەرزترین ئاستی رکابەریی بین.
ئەو راهێنەرە گەنجە کە لەگەڵ یانەی ئاکرێ مێژووی دروست کرد، ئێستا دەیەوێت بگەڕێتەوە بواری راهێنەرایەتی و وادیارە هەر لە ئێستاوە چەندین یانە چاویان لەسەرە. ئەو بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "تاوەکو ئێستا دوو گرێبەستم لەلایەن دوو یانەوە پێشکەشکراوە و چاوەڕێی ئەوەم کە وادەی دەستپێکردنی خولەکە رابگەیێنرێت، بۆ ئەوەی منیش خۆم یەکلایی دەکەمەوە".
هەژار سابیر، سێ وەرز لەمەوبەر لەگەڵ یانەی ئاکرێ بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و دواتریش بوونە پاڵەوانی جامی سۆپەری کوردستان.
ئەم راهێنەرە، وەرزی رابردوو بەتەواوی لە کاری راهێنەرایەتیکردنی دوور بوو، تاوەکو مانگی شەشی ئەمساڵ، کە وەک راهێنەر لە ئەکادیمیای یانەی پێرس وەک راهێنەر دەستبەکاربوو، بڕیاریداوە ئەمساڵ لە خولی نایابی کوردستان رۆڵی کاریگەر ببینێت.




