رووداو دیجیتاڵ
شەوی 6ی 10 شەوێکی ئاسایی نەبوو لە رۆژژمێری تۆپی پێی جیهانیدا. لە کاتێکدا لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین و لە ناو یاریگەی 'مۆنومێنتال' ئەستێرەکانی ئاسمان بۆ ماڵئاوایی لیۆنێل مێسی بە درێسی تانگۆ دەدرەوشانەوە و فرمێسکی وەفاداری دەڕژێنرا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاریدا بە راگەیێندراوێکی درێژ و ئاگرین بێدەنگی بشکێنێت و سۆشیال میدیا و راگەیاندنەکانی جیهان بهەژێنێت.
کاتێک هەموو جیهان چاوی لەسەر رێوڕەسمی ماڵئاوایی مێژوویی مێسی بوو، کاپتنەکەی پۆرتوگال راستییەکانی سەبارەت بە کێشەکانی کەمپی هەڵبژاردەکەی درکاند و جارێکی دیکە کارتەکانی راگەیاندن و میدیای بەکارهێنا و سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشایەوە.
پرسیاری سەرەکی لای هەموو بەدواداچوونکارێک ئەوە بوو: بۆچی کریستیانۆ ئەم هەموو کاتەی وەرگرت بۆ قسەکردن؟ لە کاتێکدا یارییەکەی پۆرتوگال بەرامبەر نەرویج دوو رۆژ پێشتر کۆتایی هاتبوو، کێشەی دانیشتنی لەسەر کورسیی یەدەگ و جێهێشتنی کەمپەکە چەندین رۆژ بوو تەقیبۆوە.
شیکارییەکان دەریانخستووە کە تیمی تایبەتی رۆناڵدۆ ویستویانە لە هەڵوێستی کاتی و کاردانەوەی پەلە دووربکەونەوە. ئەگەر بەپەلە راگەیێندراوەکە دەربڕیبایە، وەک یاریزانێکی تووڕە دەردەکەوت و دەرفەتی بە یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال و خۆرخێ جیسوسی راهێنەر دەدا تاوەکو تۆمەتباری بکەن بە تێکدانی کەشوهەوای هەڵبژاردەکە.
کریستیانۆ چاوەڕێی کرد تاوەکو زریانی نێو یەکێتییەکە هێور بێتەوە، دەستکاری دەقەکەی کرد و راگەیێندراوەکەی هاوسەنگ دەركرد، کە تێیدا داوای لێبوردنی لە هاندەرانی کرد و داوای کرد هیچ سزایەکی لەسەر سووک نەکرێت؛ بەمەش سۆزی شەقامی وەرزشی بردەوە و بەرپرسانی خستە هەڵوێستێکی زۆر جددی و سەختەوە.
لەو کاتەی شاشەکانی جیهان رێوڕەسمی ماڵئاوایی میسییان دەگواستەوە، راگەیێندراوەکەی پاشا توانی بیری بەرنامە وەرزشییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماڵئاواییەکەی لیۆوە بگۆڕێت. یەکێکیان بە فرمێسک و گوڵەوە مالئاوایی لە یاریی نێودەوڵەتی دەکات، ئەوی دیکەیان رەتیدەکاتەوە بێدەنگ بێت، رووبەڕووی راهێنەرەکەی دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن تاوەکو بسەلمێنێت هێشتا لە نێو یاریگادا زیندووە.
ستایلێکی ئاشنا لە وێستگە مێژووییە گەورەکاندا
ئەم هەنگاوەی رۆناڵدۆ یەکەمجار نییە، بەڵکو تەکتیکێکی راگەیاندنی دووبارەیە کە کاتێک هەست دەکات چاوی کامێراکان لەسەری دووردەکەونەوە پەنای بۆ دەبات. پێشتریش لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2018، لە ناوەڕاستی ئاهەنگی بەدەستهێنانی 13یەمین نازناوی ریال مەدرید، بە لێدوانەکانی دەربارەی رۆشتنی هاندەرانی تووشی شۆک کرد. هەروەها لە چاوپێکەوتنە بەناوبانگەکەیدا لەگەڵ پیرس مۆرگان پاش مۆندیالی 2022 هەمان کاری کردەوە تاوەکو مانشێتی رۆژنامەکان بۆ خۆی ببات.
هەڵبژاردنی کاتی دەرکردنی رێکەوت نەبوو، بەڵکو زۆر بە وردی پلان بۆ داڕێژراو بوو. ئەمەش سەلماندی کە رۆناڵدۆ، هەتا لە قووڵایی قەیرانەکانیشیدا، باش دەزانێت چۆن چاوی میدییا لە شانۆی وەرزشی جیهانیدا بۆ خۆی رابکێشێت.




