رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی لە یاریی ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجامدرا، لە پەیامێکدا گوتی، هەموو کات لەپاڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم دەمێنمەوە، ئەگەرچی ئیدی وەک یاریزان، درێسەکەی ئەرجەنتین ناپۆشمەوە.
مێسی بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بێشوماری هاندەران، ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرد و پێشەوایەتیی هەڵبژاردەکەی کرد، بۆ سەرکەوتن بەسەر بێنین بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
مێسی لە یارییەکەی بێنیندا، دوو ئەسیست و گۆڵێکی هەبوو.
لە دوای یارییەکە، لیۆ لە پەیامێکدا بۆ هاندەران گوتی، "هەستی زۆرم هەبوون، یەکەم شت کە بیری لێدەکەمەوە باوکمە، شانازییەکی گەورەبوو بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە، یارییم بۆ ئەرجەنتین کرد".
کاپتنی ئەرجەنتین هەروەها دەڵێ، "لە سەختترین ساتەکانیشدا، خۆم بەدەستەوەنەدا، هەموو کات جەنگام لەپێناو پێشاندانی ئەوپەڕی توانای خۆم. هەموو هیواداربووم یاریی بۆ ئەرجەنتین بکەم، چونکە یارییکردن بۆ ئەرجەنتین، جوانترین شتە کە لە ژیاندا روودەدات".
مێسی هەروەها لەبارەی کاروانی خۆیەوە لەگەڵ تانگۆ دەڵێ، "هەستدەکەم ئێستا ئیدی کاتی هاتووە. مۆندیالی کۆتایی زۆر کاریگەریی لەسەر دروستکردین، خەونمان بوو ببینە پاڵەوانی جیهان، ئێمە هەموو شتێکمان پێشکەشکرد، تێکۆشاین وەکئەوەی هەمیشە دەمانکرد، بەهەموو توانای خۆمانەوە، بەرگریمان لە درێسەکەمان دەکرد".
ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لەبارەی هاوڕێکانیەوە لە هەڵبژاردەکە دەڵێ، "سوپاسی هەموو هاوڕێکانم دەکەم بۆ ئەو ساڵانەی پێکەوە بەسەرمانبرد، ئەوان وایانکرد من خەونی منداڵیم بەدی بهێنم، بەبەختبووم بەوەی لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا یارییمکرد، لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، خۆشەویستیی هەمووانم هەستپێکرد".
مێسی دووپاتیکردووەتەوە کە لە پشتگیریکردنی تانگۆ بەردەوام دەبێت و دەڵێ، "هەموو کات لەپاڵ هەڵبژاردەکەمدا دەمێنمەوە، هەرگیز بەجێی ناهێڵم، بەرگری لە رەنگەکانی دەکەم و هەموو کات هاندەری ئەو یاریزانانە دەبم، کاتێک ئێمە پێکەوەین، بەهێزترین، دەتوانین بەربەستەکان ببڕین".
مێسی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بەهاندەرانی گوت، خۆشم دەوێن، خۆشم دەوێن.




