رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وەرزش و لاوانی سووریا لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەفەرمی رەزامەندی دەربڕی لەسەر گۆڕینی ناوی یانەی وەرزشیی عەین ئەلعەرەب بۆ یانەی وەرزشیی کۆبانێ، ئەمەش دوای هەوڵ و بەدواداچوونی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی یانەکەوە و پەسەندکردنی بەکۆی دەنگ لەلایەن ئەنجوومەنی گشتییەوە بۆ هەموارکردنەوەی ناوەکە.
یانەکە لەساڵی 1974ـەوە ناوی یانەی عەین ئەلعەرەب بوو، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا کە ناوچەکە لەلایەن خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرا ناوی یانەی کۆبانی بوو، پێش ئەوەی دوای یەکگرتنەکە چالاکییە وەرزشییەکانی لە دامەزراوە وەرزشییەکانی سەرانسەری سوریا دەست پێبکاتەوە.
مەزڵوم محەممەد، سەرۆکی یانەی وەرزشیی کۆبانێ رایگەیاند "لەوەتەی یانەکە چالاکییە وەرزشییەکانی لە سوریا دەستپێکردووەتەوە، بەڕێوبەرایەتی یانەکە یەکەم نامەی فەرمی پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیی حەلەب کردووە و تێیدا داوای گۆڕینی ناوی یانەکەی کردووە لە یانەی عەین ئەلعەرەبەوە بۆ یانەی کۆبانێ.
محەمەد روونیکردەوە کە بەڕێوبەرایەتی یانەکە بەفەرمی بەدواداچوونی بۆ داواکە کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە یانەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە بەشداری هیچ چالاکییەکی وەرزشی ناکات بەناوی عەین ئەلعەرەب و کۆبوونەوەی گشتی یانەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازی گۆڕینی ناوەکە پێش ئەوەی بەکۆی دەنگ پەسەند بکرێت.
سەرۆکی یانەکە ئەوەشی خستەڕوو کە سەرجەم رێوشوێنە فەرمییەکان تەواوکراون و گەیشتە پەسەندکردنی کۆتایی. لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، گۆڕینی ناوی یانەکە بۆ یانەی وەرزشی کۆبانێ بەفەرمی پەسەند کرا.
ناوی نوێی یانەی وەرزشی کۆبانێ ئێستا ناوی فەرمی یانەکە دەبێت لە چالاکییە وەرزشییەکان و پێشبڕکێکانی داهاتووی لە سەرانسەری سوریا.



