رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی، لیستی کۆتایی بەربژێرانی بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵدن بۆی، بۆ باشترین یاریزانی لاوی ساڵ ئاشکراکرد.
لیستەکەی کۆتایی رۆژنامەکە، ناوی دیارترین 20 یاریزانی لاوی لەسەرئاستی جیهان لە خۆ گرتووە، لە نێویاندا، پاو کوبارسی یاریزانی بارسێلۆنا، رکابەریی یان دیۆماندێ و فرانکۆ ماستانتونۆ دەکات، لە کاتێکدا لامین یامال، ئەگەرچی بەربژێرێکی بەهێزی بردنەوەی خەڵاتەکەیە، بەڵام دووخراوەتەوە.
بەپێی لیستی راگەیێنراوی کۆتایی رۆژنامەکە، 20 یاریزانی خوار تەمەنی 21 ساڵان، بەربژێری بەدەستهێنانی خەڵاتەکەن و پێنج یاریزانیش، کارتی بانگهێشتنامەیان بۆ نێردراوە، بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
بەپێی لیستەکە، پاو کوبارسی، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دیارترین بەربژێری بەدەستهێنانی خەڵاتەکەیە، لە دوای ئەویش لامین یامال لە بارسا و ئیسپانیا، بەر لە ئەیوب بوعدی یاریزانی لاوی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی مەغریب.
لەگەڵ ئەو یاریزانانەدا، هەریەکە لە وارن زاییر ئێمری ناوەڕاستکاری پاریس سانجێرمان و یان دیۆماندێی لاباڵی ریال مەدرید، لە نێو بەربژێرانی خەڵاتەکەدان.
ئەگەرچی لامین یامال، دووەم بەهێزترین بەربژێری خەڵاتەکەیە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو یاریزانە ساڵی 2024 خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە و سیستمی بەخشینی خەڵاتەکەش، رێگا نادات هیچ یاریزانێک زیاتر لە جارێک خەڵاتەکە بباتەوە، لە لیستی بەربژێرانی گۆڵدن بۆی، دوورخراوەتەوە.
کوبارسی، بەرگریکاری سەرەکیی بارسێلۆنا بوو و لە مۆندیالیشدا، بەشداریی لە هەر هەشت یارییەکەی ئیسپانیادا کرد و رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە، لە کۆتایی پاڵەوانێتییەکەشدا، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی بردەوە.
لە لیستەکەدا ناوی هەریەکە لە ئێندریک و ئیستیڤاو و رایانی یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیل بوونیان هەیە.
لیستی بەربژێرانی گۆڵدن بۆی..
پاو کوبارسی، ئیسپانیا و بارسێلۆنا.
ئەیوب بوعدی، مەغریب و مانچێستەر سیتی.
وارن زاییر ئێمری، فەرەنسا و پاریس سانجێرمان.
یان دیۆماندێ، کۆتدیڤوار و ریال مەدرید.
لوکا فۆشکۆڤیچ، کرواتیا و برایتۆن.
ڤیکتۆر فروهۆلت، دانیمارک و پۆرتۆ.
مایلز سکیلی، ئینگلتەرا و ئارسیناڵ.
رایان، بەرازیل و بۆرنمۆس.
گوریل هاتۆ، هۆڵەندا و چێڵسی.
لینارت کارل، ئەڵمانیا و بایرن میوشن.
ئیستیڤاو، بەرازیل و چێڵسی.
ئێندریک، بەرازیل و ریال مەدرید.
جۆنیۆر کەروبی، فەرەنسا و بۆرنمۆس.
جیانلوکا برێستیانی، ئەرجەنتین و بێنفیکا.
کۆنستانتینۆس کاریتساس، یۆنان و بۆرووسیا دۆرتمۆند.
سەعید مەلا. ئەڵمانیا و کۆڵن.
جۆن مارتن، ئیسپانیا و ریال سۆسیداد.
مارک بێرنال، ئیسپانیا و بارسێلۆنا.
کەریم ئالاییگۆڤیچ، بۆسنە و یوڤێنتوس.
فین یلیچ، ئەڵمانیا و شتوتگارت.
سیستمی دەستنیشانکردنی براوەی خەڵاتەکە بەو شێوەیەیە، کە 50 رۆژنامەنووسی جیاواز لەسەرئاستی ئەورووپا لە نێو بەربژێرەکاندا، براوەی خەڵاتەکە دەستنیشاندەکەن و ناوی براوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مانگی داهاتوو، ئاشکرا دەکرێت.
ساڵی رابردوو، دیزیری دوێی یاریزانی پێشووی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، خەڵاتەکەی بردەوە.




