رووداو دیجیتاڵ
دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (کاس) بە فەرمی بڕیاری لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی سەنیگال دەرکرد و شێرەکانی تێرانگای وەک پاڵەوانی فەرمیی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای 2025 ناساند، دوای ئەوەی نازناوەکەی لە هەڵبژاردەی مەغریب وەرگرتەوە.
بەپێی بڕیارە فەرمییەکەی دادگای کاس، تانەلێدانی یەکێتیی تۆپی پێی سەنیگال دژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقیا (کاف) و یەکێتیی تۆپی پێی مەغریب پەسەندکرا، کە تایبەت بوو بە رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیای 2025 لە وڵاتی مەغریب. دادگاکە بڕیاری لیژنەی تانەلێدانی کافی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر مەغریبی بە ئەنجامی 3-0 بە براوە دانابوو، و بڕیاری لیژنەی تەمبێکردنی پێشووی پەسەندکردەوە.
بەپێی ئەم بڕیارە یاساییە یەکلاکەرەوەیە، ئەنجامی راستەقینەی یاریی کۆتایی وەک ئەوەی لەنێو یاریگادا بە بردنەوەی سەنیگال بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهاتبوو پەسەندکرا. پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتی یاریزانانی سەنیگال لەنێو یاریگادا بەرامبەر بڕیارێکی ناوبژیوان لەسەر لێدانی سزا و کشانەوەی کاتییان، کاف بڕیاریدابوو نازناوەکە ببەخشێتە مەغریب، بەڵام دادگای کاس ئەو بڕیارەی بە نایاسایی دانا و سەلماندی کە بردنەوەی نێو یاریگا بە شایستەیی بۆ سەنیگال بووە.
بەم شێوەیە هەڵبژاردەی سەنیگال بە فەرمی بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا بۆ ساڵی 2025، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی مەغریب سەرەڕای میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە، بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە بەدەستهێنانی نازناوە کیشوەرییەکە بێبەش بوو.




