رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر ئامادەکارییەکانی بۆ یەکەم بەشداریکردنی لە جامی یانەکانی کەنداو چڕکردووەتەوە و تیپەکەی هەفتەی داهاتوو یەکەم یاری بەرامبەر یانەی عەجمانی ئیماراتی دەبێت.
ئیمپڕاتۆر چەند رۆژێکە ئامادەکارییەکانی بەشێوەیەکی چڕ و پڕ ئەنجام دەدات، تەواوی مەشقەکانی هەولێر لەسەر داوای لوئەی سەڵاحی راهێنەری تیپەکە بەشێوەی داخراو ئەنجام دەدرێن و دوور لە چاوی میدیاکانە، بڕیارە سبەی شاندی یانەی هەولێر بەفڕۆکە گەشتی شاری بەسرە بکات بەمەبەستی ئەنجام دانی یاریی بەرامبەر یانەی نەفتی میسان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دواتر تیپەکە بە فڕۆکە دێتەوە هەولێر.
یانەی هەولێر دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە هەولێر رۆژی 12ـی ئەم مانگە بە فڕۆکە گەشتی شاری شاریقەی ئیمارات دەکات، دوای دوو یەکەی راهێنان لەو وڵاتەدا، رۆژی 14ـی مانگ لە گەڕی یەکەمی جامی کەنداو یاریی لەگەڵ یانەی عەجمانی ئیماراتی دەکات.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "کۆمەڵەیەکی هاوسەنگە بۆ هەمووان یانەی ئیتیفاق لە ئاستێکی بەرزدایە و یانەی عەجمانیش زۆرباشە، یانەی کازمەش وەرزی ئەمساڵ رکابەری لە خولی ناوخۆیی کوێت دەکات، بەڵام ئێمە وەک یانەی هەولێر ئامادەین بۆ جامی کەنداو، پێموایە هیچ شتێکی باش بەئاسانی بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵ و یەکدەستی و ماندوێتییە بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەستبهێنین، ئەگەر بەو رووحیەت و یەکدەستییە کارمانکرد، دڵنیام ئەنجامی دڵخۆشکەرمان دەبێت".
درێس زەردەکانی قەڵا و منارە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، تیپەکە بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، تەنیا سێ خاڵ جیاوازی لەگەڵ گەرمەی پێشەنگ هەیە.
سەڵاح زیاتر روونیکردەوە "ئێمە یاریزانی زۆر باشمان هەیە و پیشەگەرەکان ئاستبەرزن، بەڵام ئێمە لە کاتێکی درەنگ دەستمان بە ئامادەکاریکرد، هەندێک یاریزانمان بەشێوەیەکی باش دەستینشانکرد، هەندێکی دیکە تەنیا زیادکردن بوو. لە گواستنەوەی زستانەدا پێویستم زۆر بە گۆڕانکاریی نییە و تیپەکەم باشە، لەوانەیە دوو یاریزان تا سێ یاریزانی دیکەم پێویست بێت، تیپەکەم بەشێوەیەکی باش و بەپێی ئەو پلانە راستە دەڕوات کە هەوڵمان بۆ داوە، ئەوەی گرنگە لام بوونی پاڵپشتی و بەردەوامی ئەنجامە باشەکانە".
جاری یەکەم نییە هەولێر بەشداریی خول و پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەی عێراق دەکات، تیپەکە دووجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا، بەشداریی یارییەکانی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای کردووە.




