رووداو دیجیتاڵ
پێشهاتە تووندەکان لە ناوەندە وەرزشییەکانی جەزائیر بەردەوامن، دوای رووداوە ئاڵۆزەکەی نێوان رەیان ئایت نووری، بەرگریکاری هەڵبژاردەکە و دەستەی راهێنەران لە کاتی یاریی گەڕی یەکەمی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2027 بەرامبەر زامبیا، کە یەکەم یاریی فەرمیی هەڵبژاردەکە بوو بە راهێنەرایەتی ئیبراهیم حەمدانی و عەنتەر یەحیای یاریدەدەری.
حەمدانی کە لەم مانگی 9ـدا لە شوێنی ڤلادیمێر پێتکۆڤیچی بۆسنەیی بووە راهێنەری جەزائیر، دەستپێکێکی سەرکەوتووی هەبوو و بە ئەنجامی 3-1 لە زامبیای بردەوە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانەکانیدا رووبەڕووی ئاڵۆزییەکی گەورە بووەوە.
رەیان ئایت نووری، بەرگریکاری یانەی مانچێستەر سیتی هێرشی تووندی کردە سەر ئیبراهیم حەمدانیی راهێنەر، عەنتەر یەحیای یاریدەدەری راهێنەر.
لە نیوەی دووەمدا حەمدانی داوای لە ئایت نووری کرد خۆی گەرم بکات بۆ ئەوەی بێتە نێو یاریگاوە، بەڵام دوای ئەوەی زامبیا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، راهێنەر لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە. دواتر و دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم لەلایەن ئیبراهیم مازاوە، راهێنەر جارێکی دیکە داوای لە ئایت نووری کرد ئامادە بێت بۆ چوونەنەو یاریگا، بەڵام یاریزانەکە تووڕە بوو و بە شێوازێکی زۆر تووند رەتیکردەوە، کە دواتر بووە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ راهێنەردا.
دەستبەجێ بڕۆ دەرەوە
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، راهێنەری جەزائیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی دەستەی راهێنەران بەرژەوەندی هەڵبژاردەکەیە نەک کەسەکان. رۆژی دواتریش بڕیاردرا بەرگریکارەکەی مانچێستەر سیتی لە کەمپی هەڵبژاردەکە دەربکرێت.
سەرچاوە نزیکەکان لە هەڵبژاردەی جەزائیر ئاشکرایان کردووە، ئایت نووری هێرشی کردووەتە سەر یەحیای یاریدەدەری راهێنەر و تۆمەتباری کردووە بەوەی هۆکاری دوورخستنەوەی بووە لە پێکهاتەی سەرەکی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کێشەکە بەیانیی رۆژی هەینی بەرلە یارییەکەی زامبیا دەستیپێکرد، کاتێک ئایت نووری بەشداری پێنەکردنی لە پێکهاتەی سەرەکی و یاریپێکردنی جوان حجامی رەتکردەوە. لە نیوەی دووەمدا کاتێک حەمدانی داوای خۆگەرمکردنی لێکرد، دواتر راهێنەر بڕیاریدا عادل بولبینە بباتە نێو یاریگاوە لە شوێنی ئەو، بەوەش یاریزانەکە زۆر تووڕە بوو و رەتیکردەوە بەردەوام بێت لە خۆگەرمکردن.
کاتێک عەنتەر یەحیا نزیکبووەتەوە تاوەکو داوای لێبکاتەوە بەردەوام بێت لە خۆگەرمکردن، ئایت نووری بەسەریدا هاواری کردووە و گوتوویەتی "دەستبەجێ بڕۆ دەرەوە"، پاشان هێرشی زارەکی کردووەتە سەر ئیبراهیم حەمدانی، تاوەکو کار گەیشتووەتە ئەوەی پاڵ بە ئەندامێکی دەستەی راهێنەرانەوە بنێت و لە کاتی جێهێشتنی یاریگاکەدا گوتەی نەشیاو بەرامبەر هەمووان بەکاربهێنێت.
داوای لێبوردنێکی چاوەڕوانکراو
دوای ئەوەی رۆژی شەممە لە کەمپی هەڵبژاردەکە دوورخراوەتەوە، رەیان ئایت نووری تاوتوێی پێشکەشکردنی داوای لێبوردنێکی ئاشکرا دەکات بۆ ئیبراهیم حەمدانی، دەستەی راهێنەران و هاوڕێکانی. لە بەرامبەردا راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێتیی تۆپی پێی جەزائیر، لە حاڵەتی گەیشتنی داوای لێبوردنی فەرمی، داواکارییەکەی قبووڵ دەکات و بۆ پشووی نێودەوڵەتیی مانگی 11ی داهاتوو بانگهێشتی دەکاتەوە.




