رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، هێرشی کردە سەر ئەو مشتومڕانەی لەبارەی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 لە وڵاتەکەدا هەن، داوایکرد، یارییەکە لەسەر یاریگای کامپ نوی نوێ ئەنجام بدرێت.
لێدوانەکانی لاپۆرتا، هاوکاتن لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لە نێوان ئیسپانیا و مەغریب لەئارادان لەبارەی ئەنجامدانی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، لەسەر کام یاریگای ئەو دوو وڵاتە.
مەغریب، ئیسپانیا و پۆرتوگال میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی 2030 دەکەن، هەریەکە لە مەغریب و ئیسپانیا داوا دەکەن یاریی کۆتایی لەسەر یاریگاکانی ئەوان ئەنجام بدرێت.
لە ئیسپانیا بەشێک لە بەرپرسانی تۆپی پێ، داوا دەکەن یاریی کۆتایی مۆندیالەکە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی یانەی ریال مەدرید ئەنجام بدرێت، مەغریبییەکان پێیانوایە یاریگایەکی ئەوان لە کازابلانکا، شایەنی میوانداریکردنی ئەو یارییەیە.
خوان لاپۆرتا دەڵێ، "نابێ بژاردەکە لە نێوان کازابلانکا و مەدریددا بێت، بەڵکو دەبێ لە کامپ نوی نوێ بێت، کازابلانکا و مەدرید لەبیر بکەن".
سەرۆکی بارسێلۆنا پێشنیازی کردووە، یاریگای یانەکەی، وەک بەربژێری راستەقینەی میوانداریکردنی یارییەکە تەماشا بکرێت، ئەو هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی یاریگاکەی بکاتە بژاردەی سێیەم بۆ یارییەکە، لە بەرامبەر یاریگاکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و حەسەنی دووەم.
لاپۆرتا پێیوایە، یاریگا نوێیەکەی کامپ نو جێگای 105 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و ئەوەش هۆکارێکی گرنگە، بۆئەوەی فیفا بڕیار لە ئەنجامدانی یارییەکە لەسەر ئەو یاریگایە بدات.
ئەو هەروەها دەڵێ، سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یاریی کۆتایی مۆندیالی 1982ی کردووە، بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 لە کامپ نو، ناوبانگێکی گەورەی جیهانی بە یاریگای نوێی یانەکەی دەدات.
یاریگای کامپ نو، ماوەی چەند ساڵێکە لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە، بەشێکی زۆری کارەکانی تەواوبوون و پێشبینیکراوە هاوینی 2027، سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی یاریگاکە، کۆتاییان بێت.




