رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، بە ئامانجی زیادکردنی خاڵەکانی و درێژەدان بە سەرکەوتنەکانی بەرامبەر یانەی راسینگ سانتاندێر یاریی دەکات و دەیەوێت لە دوورکەوتنەوە لە ریال مەدرید بەردەوامبێت.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی لالیگا، کاژێر 22:30 بارسێلۆنا لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر راسینگ سانتاندێر یاریی دەکات و تیپەکە ئامادەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەیەکی دیکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
بلاوگرانا لە دۆخێکی زۆرباشدایە و بەهێزەوە دەردەکەوێت، لە پێنج یاریی رابردوودا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، تیپەکە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 21 گۆڵی تۆمارکردووە، خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و تەنیا 4 گۆڵی لێکراوە.
بارسا ئێستا هەمان ژمارەی خاڵەکانی ریال مەدریدی هەیە و خاوەنی 15 خاڵە، بۆیە دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو لە رکابەرەکەی دووربکەوێتەوە.
راسینگ سانتاندێر، لەگەڵ ئەوەی ئەم وەرزە گەڕاوەتەوە، بەڵام دوو بردنەوەی هەیە، دوو یاریی دۆڕاندووە و لە یارییەکدا یەکسانبووە.
وەرزی رابردوو هەردوو یانە لە جامی شای ئیسپانیادا رووبەڕووی یەکبوونەوە و بارسا یارییەکەی بردەوە، بەڵام یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2012ـەوە لە لالیگادا بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن.
بارسێلۆنا لە 2004ـەوە هیچ یارییەکی بەرامبەر ئەم یانەیە نەدۆڕاندووە.



