رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری یانەیەکی خولی پلە یەکی بۆلیڤیا، راستییەکی تۆقێنەری ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، گۆڵپارێزی یانەکەی هەڕەشەی کوشتن لە خۆی و هاوژینەکەی کراوە.
لیۆناردۆ ئیگوێز، راهێنەری یانەی گوابێرای بەشدار لە خولی پلە یەکی وڵاتەکە رایگەیاندووە، خوان مانوێل ڤێریلی گۆڵپارێزی یانەکەی، بەر لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر ئۆڵۆیزی رێدی، هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
یارییەکە بەشکستێکی گەورەی تیپی راهێنەرەکە کۆتایی هات بە ئەنجامی شەش گۆڵی بێبەرامبەر.
ئەو راهێنەرە لە دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، ناتوانین قسە لەسەر دۆخی تیپەکەمان بکەین، لە کاتێکدا لە هەڕەشەی کوشتن لە ئارادایە.
ئەو هەروەها دەڵێ، "شتێکی تۆقێنەر روودەدات و دەبێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. وەرزش پیسبووە، گۆڵپارێزی تیپەکەم هەڕەشەی کوشتنی خۆی، هاوژینەکەی و دایکی لێکراوە، پێیان راگەیاندووە ئەگەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو نەدەیت، یان رێگا نەدەیت سێ گۆڵت لێبکرێت، هەمووتان دەکوژین.
تاوەکو ئێستا، یانەی گوابێرا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر قسەکانی راهێنەرەکەی نەکردووە، بەڵام سەندیکای یاریزانە پیشەگەرەکانی بۆلیڤیا (فابۆل)، لە بڵاوکراوەیەکدا، داوای لێکۆڵینەوەی فەرمی کردووە لە هەڕەشەکانی بەر لە یارییەکە، لە گۆڵپارێزەکە کردووە.
داڤید بانیاگوا، ئەمینداری سەندیکاکە دەڵێ، ناکرێ لێبگەڕێین ئەوەی روویداوە هەروا بەئاسانی تێبپەڕێت، دەبێ بنەماکانی تۆپی پێ دوور لە هەڕەشە بچەسپێنرێن.
لای خۆیەوە، مارسێلۆ ئۆرتێز، راوێژکاری یاسایی یانەی ئۆلوێز رێدی داوای هاتنە ناوەوە دەسەڵاتدارانی بۆ دۆسێیەکە کردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجامی یارییەکە، جێگای گومانە.
ئۆرتێز هەروەها دەڵێ، نابێ رێگا بدەین تۆپی پێ پیستر بکرێت، داوا لە نووسینگەی داواکاری گشتی دەکەین، لێکۆڵینەوەی تەواو لە هەڕەشەکان بکات، لەپێناو پاراستنی خاوێنیی وەرزش.
تاوەکو ئێستا، دەسەڵاتدارانی بۆلیڤیا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی رووداوەکە و هەڵوێستی پۆلیسی وڵاتەکە لەسەر هەڕەشەکان، ئاشکرا نەکردووە.




