رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلال یەکەم یاریی خۆی لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا ئەنجامدەدات و بەرامبەر یانەی غەڕافی قەتەری یاریی دەکات.
هیلال لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، کاژێر 21:15 لە نێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی غەڕاف یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییە کیشوەرییەکە.
یانەکە لەم وەرزەدا لە خولی سعودیە، 7 یاریی ئەنجامداوە و شەش یاریی بردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەمشەو یەکەم تاقیکردنەوەیەتی لەسەر ئاستی دەرەوە.
یانەی غەڕافە، لە چوار یارییدا لەم وەرزەی خولی قەتەردا، تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و لە دۆخێکی زۆرباشدا نییە.
هەردوو یانە هەشت یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هیلال شەش جار لە غەڕافەی بردووەتەوە، یانە قەتەرییەکە سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە و لە یارییەکیشدا یەکسانبوون.
هیلال بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و لە یاریی رابردووی خولی سعودیدا، بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی تەعاون بەدەستهێناوە.




