رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەیە و سەرکردایەتیی یانەی نەسر دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن لە چامپیۆنزلیگدا.
لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، کاژێر 19:00 یانەی نەسڕی سعودی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی عەینی ئیماراتی ئەنجامدەدات و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
رۆژی دووشەممە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و چاویان لەوەیە بردنەوە تۆماربکەن.
نەسڕ لە دوایین یاریی خولی سعودیدا بەرامبەر خەلیج یەکسانبووە و ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، بۆیە ئەرکی ئاسان نییە.
یانەی عەین لەم وەرزەی خولی ئیمارات، پێنج یاریی ئەنجامداوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم سێ خاڵ لە چامپیۆنزلیگدا بباتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سێ یاریی بەرامبەر یانەی عەینی ئیماراتی کردووە، دوو گۆڵی تۆمارکردووە.




