رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، دووپاتیکردەوە کە خۆی لە سەرووی هەموو یاریزانانی جیهان دادەنێت و گوتی "کێ وەرزێکی لە من باشتری پێشکەش کردووە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆر؟".
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید باوەڕی خۆی بە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئاستی وەرزی رابردووی وایکردووە شایستەی خەڵاتەکە بێت، سەرەڕای ئەوەی نازناوی لەگەڵ تیپەکەی بەدەست نەهێناوە.
لەو هەڤپەیڤینەدا، ئێمباپێ گوتی "هەستێکم هەیە ئەمساڵ دەتوانم باڵۆندۆر بیبەمەوە، ئەوە یەکێکە لە ئامانجەکانم، کاتێکی زۆریش نەماوە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ دژایەتییەک نابینێت لەنێوان سروشتی تاکەکەسی خەڵاتەکە و گرنگی نازناوی تیپەکان.
کیلیان ئاماژەی بەوەشکرد "هەمیشە باوەڕم وابووە کە دەبێت خەڵاتی باڵۆندۆر بدرێتە یاریزانێکی بەڕاستی ناوازە، بێگومان لایەنێکی تیپی هەیە، چونکە تۆپی پێ وەرزشێکی تیپییە، بەڵام لە کۆتاییدا خەڵاتێکی تاکەکەسییە". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دیدگای ئەو بۆ خەڵاتەکە لە سەردەمی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆدا لە قاڵب دراوە.
هێرشبەرەکەی ریال مەدرید بەمتمانەوە باسی لە هەلەکانی کرد و گوتی، ساڵانێکە خۆم بە باشترین یاریزانی جیهان دەزانم. ناوبراو روونی کردەوە: هیچ یاریزانێکم لە خۆم باشتر نەبینیوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە قبوڵی دەکرد مێسی یان رۆناڵدۆ خەڵاتەکە بباتەوە، بەڵام لەگەڵ براوەکانی دیکەدا شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی نەدەکرد.
هەروەها ئێمباپێ بەرگری لە خۆی کرد لە بەرامبەر رەخنەکان سەبارەت بە بەشدارییە بەرگرییەکانی و جەختی لەوە کردەوە کە تۆمارکردنی گۆڵ کێشە نییە بۆ تیپەکە. گوتی "ئەو مشتومڕە نالۆژیکییە. ئەگەر من گۆڵ نەکەم، دەپرسن: بۆچی؟".
لەهەمانکاتدا دانی بەوەدانا کە دەتوانێت لەڕووی بەرگرییەوە بەشداری زیاتر بکات، لە هەمانکاتدا پێیوابوو دەتوانێت هەلی هێرشبەری زیاتر دروست بکات. جەختی لە بەهرەی ناوازەی خۆی لەم بوارەدا و خواستی خۆی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لەنێو یاریزانە بژاردەکاندا کردەوە.
هەروەها ئێمباپێ باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەرانی یانەی ریال مەدرید و ئەو قسانە کرد کە هەندێکجار پێیدەڵێن و گوتی “ئەم شتانە روودەدەن، دەزانن لە مەدرید چەند یاریزان گاڵتەیان پێکراوە؟ هەموویان هێشتا لە ژیاندان”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا تێگەیشتووە کە هاندەران ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن کاتێک ناڕازین.
ئەستێرە فەرەنسییەکە لە تەوەرێکی دیکەی ئەو هەڤپەیڤینەدا پەسنی راهێنەرەکەی جۆزێ مۆرینیۆی دا و بە زیرەکێکی لەڕادەبەدەر وەسفی کرد و گوتی "مۆرینیۆ پیاوێکی زۆر عاقڵە، ئەو دەزانێت چی دەکات و بەرەو کوێ دەڕوات، گرنگە یاریزانەکان رێنماییان هەبێت کە پەیڕەوی لێبکەن. لەگەڵ ئەودا هەموو شتێکمان هەیە کە پێویستمانە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین”، ئاشکراشی کرد کە مۆرینیۆ بەسادەیی پێیگوتووە: گۆڵ تۆمارکردن.
هەروەها ئێمباپێ لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و بە دروستکەری گۆڕانکاری لە یارییەکە داینان، کە جێپەنجەیەکی نەسڕاوەیان لە مێژووی تۆپی پێدا بەجێهێشتووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو سەر بەو نەوەیەیە کە شوێنیان کەوتووە و ئیلهامێکی زۆری لێ وەرگرتوون.
هێرشبەرەکەی یانەی ریال مەدرید سەرسامی خۆی بۆ چەند بەهرەمەندێکی گەنج دەربڕی، لەوانە لامین یامال، ئیستیڤاو، ئاردا گولەر، وارن زایر ئیمرێ و دۆوێ دووپاتیکردەوە کە هەموویان خاوەنی ئەو سیفەتانەن کە بتوانن ببنە یاریزانی گەورە.
سەبارەت بە کاتەکانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، ئێمباپێ جەختی لەوە کردەوە کە دەیتوانی بچێتە هەر یانەیەکی ئەورووپی، بەڵام مانەوەی لە پاریس هەڵبژارد، چونکە لەوێ دڵخۆش بوو. هەروەها رەتیکردەوە لە دەستکەوتەکانی یانە فەرەنسییەکە کەم بکاتەوە، کە لە دوای رۆیشتنی دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
ئێمباپێ لە کۆتاییدا باس لە خەڵاتی باڵۆندۆری کرد و باوەڕی بەهێزی خۆی دەربڕی کە شایەنی خەڵاتەکەیە و گوتی "ساڵی رابردوو کەس وەرزێکی باشتری لە من نەبووە". ئەمە یەکێکە لە روونترین پەیامەکانی کیلیان تاوەکو ئێستا سەبارەت بە ئاواتەکانی بۆ بەدەستهێنانی بەناوبانگترین خەڵاتی تاکەکەسی لە تۆپی پێدا.
ئێمباپێ ئەو تیپە هەڵدەبژێرێت کە ریال مەدرید پێویستە لێی بباتەوە.
کیلیان ئێمباپێی رکابەری سەرەکی بۆ لۆس بلانکۆس لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستنیشانکرد، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی لیکیپدا،
ئەو رۆژنامەیە لەو هەڤپەیڤینەدا پرسیار لە ئێمباپێ کرد سەبارەت بەوەی کە پاریس سانجێرمان دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە بەبێ ئەو، لەکاتێکدا ریال مەدرید لەدوای گواستنەوەی ئەو نازناوەی نەبردووەتەوە. ئەو لە وەڵامدا گوتی "من بەو شێوەیە لێکیدەدەمەوە کە 2 + 2 یەکسانە بە 4 (واتە روون و سادەیە). ئەوان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، و ناتوانین لەوە کەم بکەینەوە، و پیرۆزبایی لێدەکەم. سەرکەوتنەکانیان بنیاتنا و توانیان دووەم نازناوی لەسەریەک بەدەستبهێنن، ئەمەش ناوازەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، پاریس ئەو تیپەیە کە دەبێت لێی ببەینەوە، ئێمە و ریال مەدرید و هەموو تیپەکانی دیکە بەئامانجی لەناوبردنی ئەو تیپەی کە دووجار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دەچینە قۆناخی پێش کۆتایی، لە دواساڵی من لەگەڵ لویس ئینریکێ گەیشتینە قۆناخی پێش کۆتایی، ئەوە تەنیا خولێکی نوێ بوو بۆ ئەوان".
سەبارەت بە کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئێمباپێ گوتی "ئەوە رێگەی پێدام وەک تاکێک لەنێو گرووپێکدا گەشە بکەم، لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا هەمیشە ئەو کەسە بووم کە ئەوانی دیکە چاویان لێدەکرد، بەڵام وەک کاپتن تۆ ئەو کەسەیت کە دەبێت چاوی لە کەسانی دیکە بێت، وزەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام چێژێکی زۆریشم پێدەبەخشێت، هەوڵدەدەم بە باشترین شێوە ئەو کارە بکەم".
سەبارەت بە زینەدین زیدان، کە پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسای وەرگرتووە، ئەستێرە فەرەنسییەکەگوتی "زیدان زیدانە، زۆر نوێنەرایەتی بۆ فەرەنسییەکان دەکات، ئەو ئەفسانەیە، زیزۆی نیشتمانییە، ئەو ئەفسانەیە، مەزن و گەورەیە، وەک یاریزانێک مێژووی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆمارکردووە، چەند ساتێکی راستەقینەی ئایکۆنی هەیە، لەوانەیە ئەو یاریزانە بێت کە زۆرترین یاریی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە و مێژووی تۆپی پێی فەرەنسایە”.
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا قسەی لەگەڵ زیدان کردووە، ئەستێرەکەی ریال مەدرید روونیکردەوە و گوتی "نەخێر. کاتمان دەبێت بۆ قسەکردن".
ئێمباپێ: من جیاوازم لە مێسی
هێرشبەری ریال مەدرید لەبارەی بەراوردکارییەکانی نێوان خۆی و لیۆنێل مێسی ئەفسانەی بارسێلۆنا و ئەرجەنتین قسەی کرد و پەسنی مێسی دا.
لە هەڤپەیڤینەکەدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا خۆی پێشبینی دەکات لە تەمەنی 39 ساڵیدا وەک لیۆنێل مێسی یاری بکات. لە وەڵامدا کیلیان گوتی "وای دەبینم ئەگەر پێویست بێت تاوەکو تەمەنی 100 ساڵ یاری دەکەم! (پێدەکەنێت)".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئایا من لە هەمان ئاستدا دەبم؟ ئەوە بابەتی زیرەکییە: پرسیار دەکەم تا کەی دەتوانم بەردەوام بم؟. مێسی ناچار نەبووە ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، چونکە هێشتا بەتوانایە، دوای ئەوەش لیۆنێل مێسی لیۆنێل مێسییە، من خۆم بە جۆرێکی جیاواز لە یاریزان دەزانم. بەڵام ئەو لەنێو جیاوازانیشدا جیاوازە".
ئەو زیاتر باسی مێسی کرد و گوتی "بەر لە 10 ساڵ پێموابوو کە باڵۆندۆرم دەبێت، بەڵام بەر لە 10 کەس بڕوای نەدەکرد کە مێسی تاوەکو تەمەنی 39 ساڵی یاریی دەکات و لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا سێ یان چوار باڵۆندۆر دەباتەوە!!".
کیلیان ئێمباپێ هەروەها گوتی "زۆر وەرز باشترین یاریزانی جیهان بوومە و کەس لە من باشتر نەبووە، بەڵام کاتێک مێسی دەچووە سەر ستەیج بۆ وەرگرتنی باڵۆندۆر، بەخۆم دەگوت: ئەوەیە باشترینی جیهان. ئەوکات کێشەم نەدەما، بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆش بەهەمانشێوە".
سەبارەت بەوەی چاوەڕوانی چی لە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەکات، گوتی "بەسادەیی ئەوەیە کە وا لە من دەکات یاری بکەم. (پێدەکەنێت)، دوای ئەوە پێموایە دەتوانم لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بگونجێنم، هیچ چاوەڕوانییەکی تایبەتم نییە".
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا دەتوانێت بە خەیاڵیدا بێت کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی خۆی بهێنێت بەبێ ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ یان باڵۆندۆر بەدەستبهێنێت، ئێمباپێ لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، سەرکەوتن لە یاریگادا بەدەستدەهێنرێت، باشە باڵۆندۆر پەیوەستە بە دەنگەکانەوە. بەڵام پێش ئەوەی سەیری ئەوە بکەین کە دوای دە ساڵ چی روودەدات، دەبێت سەیری ئەوە بکەین کە ئێستا چی روودەدات، ئەمساڵ دەرفەتێکی زۆر باشم هەیە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆر".
ئێمباپێ: دێمبێلێ دوای رۆیشتنم بوو بە ئەستێرە
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ریال مەدرید وەڵامی تۆمەتبارکردنی بە خۆپەرستی دایەوە، چ لە ماوەی یاریکردنی لە پاریس سانجێرمان و چ دوای گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید.
لە هەڤپەیڤینەکەدا پرسیار لە ئێمباپێ کرا کە ئایا هێرشبەرێکی هەمیشە مەیلت بەرەو تاکگەراییە؟ لە وەڵامدا گوتی "هەموو یاریزانەکان خۆپەرستن، لە گۆڵپارێزەوە تاوەکو دەگاتە هێرشبەری سەرەڕم، بێڕێزی نییە ئەگەر بڵێین هەندێکجار زۆر گرنگی بە هەندێک پۆست نادەین، هێرشبەری سەرەڕم هەمیشە لە چاوی خەڵکدایە، هەروەها دەبێت لەئاستی سەرنجەکان بێت، هەندێکجار بەشێوەیەکی شایستە و هەندێکجاریش بەشێوەیەکی ناشایستە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو یارییانەدا گۆڵم تۆمارکردووە کە یاریزانەکانی دیکە لە من باشتر بوون، بەڵام لە تۆپی پێدا گۆڵ تۆمارکردن قورسترین و بەنرخترین بەشە، هەر بۆیەش ئاساییە هەندێکجار شکۆمەندی بەدەستبێنیت و هەندێکجاریش بەپێچەوانەوە ئەزموون بکرێت.
ئەو گوتیشی "من خۆپەرست نیم. من تەنیا خولیای تۆمارکردنی گۆڵم هەیە، چونکە ئەوە کاری منە و هەر ئەوەندە. چۆن دەتوانم خۆپەرست بم لەکاتێکدا من ئەو یاریزانەم کە زۆرترین ئەسیستم لە مێژووی هەڵبژاردەی فەرەنسادا هەیە؟ ئەمە مانای ئەوەیە کە هەموو یاریزانە فەرەنسییەکان بەدرێژایی مێژوو خۆپەرست بوونە، چونکە ئەوان ئەسیستی لە من کەمتریان هەبووە!".
ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا خۆشەویستی بۆ تۆپی پێ گۆڕاوە، لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، دەزانم چۆن یارییەکە لە بزنس جیابکەمەوە، خۆشەویستیم بۆ یارییەکە هەرگیز ناگۆڕێت؛ عاشقی بووم، کاتێک واز لە تۆپی پێ دەهێنم، بەردەوام دەبم لە سەیرکردنی یارییەکان و دەچمە یاریگا، بەڵام لەوانەیە دوای ئەوە هیچ پەیوەندییەکم بە جیهانی تۆپی پێەوە نەبێت. بە ئەزموون فێردەبیت جیاوازی بکەیت و گشتاندن نەکەیت، چونکە گشتاندن هەڵەیە یارییەکە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک پاڵنەرە و هەرگیز نابێت ئەوەمان لەبەرچاو بگرین کە جەوهەری کارەکانمانە”.
سەبارەت بە جیاوازی ئیگۆ لەنێوان پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید، ئێمباپێ گوتی "هەموو ژوورێکی جلگۆڕین ئەم جۆرە کەسەی تێدایە، تەنانەت ئەوانەی بێ ئەستێرەشن هێشتا ئیگۆی گەورەیان هەیە زۆر کەس ئیگۆیان هەیە، نەک تەنیا یاریزانەکان، بەڵکو ئەو کەسانەی کە نایانبینین، ئەوانەی لە ئۆفیسەکاندا کاردەکەن”.
ئەو گوتیشی "لە دوایین وەرزمدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان، بێجگە لە من هیچ ئەستێرەیەکمان نەبوو. دواتر عوسمان بووە ئەستێرە".
ئێمباپێ: ناڕازیبوونی هاندەرانی ریال مەدرید لە من ئاساییە
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید لە گرنگی ئەو قسانەی کە لەلایەن هاندەرانی یانەی ریال مەدریدەوە پێیگتراون، کەمکردەوە.
ئێمباپێ سەبارەت بەو قسانەی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێیگوتران، گوتی "ئەم شتانە بەشێوەیەکی سروشتی ەوودەدەن، دەزانیت چەند یاریزان لە مەدرید قسەیان پێگووتراوە؟ هەموویان هێشتا لە ژیاندان، راستە؟ کاتێک پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکەیت، دەزانیت دەچیتە ناو چییەوە. کاریگەری زۆری لەسەر من نەبوو. و پاشان، لە ناڕەزایی هاندەران تێگەیشتم".
کیلیان ئێمباپێ سەبارەت بە کەمتەرخەمی هەڵبژاردەی فەرەنسا بەرامبەر ئیسپانیا، گوتی "نەخێر، هەڵەمان کرد لە چۆنیەتی نزیکبوونەوەمان لە دەستپێکی یارییەکەی مۆندیالمان بەرامبەر ئەوان، لێدانە سزاکە خاڵی وەرچەرخان بوو، چونکە پێش ئەوە زۆر شت رووی نەدەدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک گۆڵێک لەدواوەیت بەرامبەر تیپێک کە حەزی لە کۆنترۆڵکردنی تۆپەکەیە، شتەکان قورستر دەبن، ئێمە نەماندەزانی چۆن خۆمان رێکبخەینەوە، لە هەر حاڵەتێکدا پاڵەوانێتییەکە ئەرێنی بوو، سەرکەوتوو بووین لە خەونی گەلی فەرەنسا، و هەست بە شانازیکردنیان بکەین. ئەوەش سەرکەوتنێکە.
سەبارەت بەو رەگەزپەرستییەی کە لەلایەن سیناتۆرێکی پاراگوایەوە ئەزموونی کردووە، ئەستێرە فەرەنسییەکە روونیکردەوە "پشتیوانی حکومەتی پاراگوایم هەبوو، هەروەها پشتیوانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن کە پەیوەندیم لەگەڵدا بوو، پشتگیری هەموو دامەزراوەکانم هەبوو".
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید گوتی "ئێمە باسمان لەوە دەکرد کە میشێل پلاتینی گوتوویەتی، کە دەبێت هەموو شتێک قبوڵ بکەین. باشە من ئەم شتانە قبوڵ ناکەم. من هیچ کێشەیەکم نییە کە نیشان بدەم کە لە ساڵی 2026 کەسانێکمان هەیە لە پۆستی گرنگدا کە بێتوانایی ناوازە نیشان دەدەن. هەمیشە وزەمان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوە”.




