رووداو دیجیتاڵ
کوکی، کاپتنی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، قسەی لەسەر شکستی یانەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول، لە یاریی یەکەمی وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ کردووە، هەروەها باسی لە جولیان ئەلڤارێز و باسوخواسی نەچوونی بۆ بارسێلۆنا کردووە.
ئەلڤارێز، لە هاوینی ئەمساڵدا بووە مانشێتی میدیای جیهان، پاشئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید فرۆشتنی یاریزانەکەی بە بارسێلۆنا رەتکردەوە.
کوکی دوای شکستەکەی نێو ئانفێڵد دەڵێ، "گێمی یەکەم کامڵ بووین، گۆڵمان کرد، دواتر زانیمان چۆن پارێزگاری لە ئەنجامی یارییەکە بکەین و روومان لە پشووی نێوان هەردوو گێم کرد. دواتر گێمی دووەممان دەستپێکرد و ئەوان باشتربوون، دوو گۆڵیان تۆمارکرد و ئیدی گەڕانەوەمان ئەستەم بوو".
کاپتنەکەی ئاتلێتیکۆ زیاتر دەڵێ، "دەزانین کە لیڤەرپوول ئەو تیپەیە کە گوشاری زۆرت لەسەر دروستدەکات، ئەوان یارییەکەیان بەو شێوەیە ئەنجامدا کە خۆیان دەیانویست، دەکرا ئێمە ریتمەکە خێراتر بکەین، بەڵام نەمانتوانی یەکسان ببینەوە".
کوکی دەڵێ، وەرزی رابردووش ئاتلێتکۆ وەرزەکەی لە چامپیۆنزلیگ بە شکست دەستپێکردووە، وێڕای ئەوەش گەیشتووەتە قۆناخی نیوەی کۆتایی. ئەو دەڵێ چامپیۆنزلیگ و وەرزەکە درێژن، ویستی بردنەوەی یاریی یەکەممان هەبوو، بەڵام دۆڕاین و ئەوە دووەم یارییە لەسەریەک لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەدۆڕێین، یاریی داهاتوو، بردنەوەمان دەوێت.
لەبارەی دۆسێ ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕەکەی ئەلڤارێزەوە، کوکی دەڵێ، "هەموومان لەو بابەتە بێزاربووین، دەبێ رێگای بدەین یاریی خۆی بکات و چێژ لەوە وەربگرێت کە ئەنجامی دەدات و ئەرکەکەی جێبەجێ بکات کە تۆپی پێ، هەمووان پێویستە وازی لێبهێنن و رێگای بدەن بەدڵی خۆی باشترینی خۆی پێشان بدات.




