رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس، یانەی دهۆک لە ئامادەبوونی هاندەراندا لە دوای شەش گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە پلەی یەکەمە و رکابەریی یانەکانی جیهان دەکات.
بەپێی ماڵپەری ترانسفێر مارکێت تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، 91 هەزار و 200 هاندەر لە یاریگای یانەی دهۆک ئامادەی یارییەکانی ئەو یانەیە بوون.
یانەکە لەسەر ئاستی عێراق، لە ئامادەبوونی هاندەران لە پلەی یەکەمی ریزبەندە و زۆرترین هاندەر چوونەتە یاریگای یانەکە، لەسەر ئاستی جیهان یانەکە لە پلەی 140ـی یانەکانە و لە پێش زۆر یانەی نێوداری جیهانە لە خولە گەورەکانی ئەورووپا، لەوانە یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی، ئاتالانتای ئیتاڵی، سێلتا ڤیگۆی ئیسپانی، راسینگ سانتاندێری ئیسپانی، هێرنڤینی هۆڵەندی، هیلال، نەسڕ و ئەهلی سعودی، ئۆساسۆنای ئیسپانی و چەندین یانەی دیکەی نێودار و دیار لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس بۆ ئەو ژمارانەی یانەی دهۆک لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی لەسەر شاشەی یاریگاکە پێشانی دەدات، زیاتر لە 100 هەزار هاندەر لە یاریگەی یانەکە ئامادەی یارییەکان بوون.
لەنێو یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە پلەی دووەمی ریزبەندە و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 207ـە، ترانسفێر مارکێت دەڵێت "بە گشتی لەم وەرزەدا 70 هەزار هاندەر چوونەتە یاریگای یانەی هەولێر"
یانەی دهۆک لەکاتێکدا ئەم ژمارە پێوانەییەی تۆمارکردووە، ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین و لە شەش یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و پێنج جار یەکسانبووە.




